نەشتەرگەریی دڵ و چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ خانمێک کرا

لیزا پیزانۆ، دووەم کەس لە میژوو کە چاندنی گورچیلەی بەرازی بۆ کرابێت

لە هەوڵێکی نوێ و سەرنجڕاکێشدا، لە ماوەی هەفتەیەکدا نەشتەرگەریی دانانی پەمپی دڵ و  چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ ژنێکی ئەمریکی دەکرێت.

لیزا پیزانۆ، خانمێکی بەساڵاچووی ئەمریکییە کە تووشی پەککەوتنی دڵ و گورچیلەکان بووبوو. بەهۆی ئەوەی تەندروستیی لیزا ناجێگیر بوو، ئەو مەرجانەی تێدا نەبوو کە پێویستن بۆئەوەی چاندنی گورچیلەی بۆ بکرێت، بۆیە پزیشکەکانی بڕیاریاندا کە گورچیلەی بەرازی بۆ وەربگرن؛ بەڵام گرفتەکە ئەوەبوو کە دڵی لیزا پەکی کەوتبوو. پسپۆڕەکان بڕیاریاندا سەرەتا ئامێرێک دابنێن کە وەکو پەمپێک کاربکات لەناو دڵدا و پاڵ بە خوێنەوە بنێت، بۆئەوەی سەرەتا دۆخی دڵ و سووڕی خوێنی لیزا رێکبخەنەوە. دوای چەند رۆژێکیش بڕیاریاندا کە گورچیلەیەک لە بەرازێکەوە وەربگرن و بۆ لیزای بچێنن.

ئەو تیمەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، رایگەیاند کە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو و تەنیا ماوەیەکی کەم دوای تەواوبوونی، گورچیلەکە دەستیکردووە بە دروستکردنی میز.

لیزای 54 ساڵ کە دوای نەشتەرگەرییەکە لەڕێگەی یارمەتیدەرێکەوە یەکەم هەنگاوەکانی نا؛ گووتی "لە کۆتایی پەتەکە بووم، بۆیە گووتم با چانسی خۆم تاقیبکەمەوە، چونکە خراپترین حاڵەت ئەوە بوو کە [نەشتەرگەرییەکە] بۆ من سەرکەوتوونابێت و بۆ کەسانی دیکە سوودی دەبێت"

"نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بووە و لیزا دەتوانێت بە وەرگرتنی یارمەتییەوە لەسەر پێیەکانی خۆی بڕوات"

تۆد، کە هاوسەری لیزایە، دوای نەشتەرگەرییەکە بە دڵخۆشییەوە گووتی "بەهۆی ئەم نەشتەرگەرییەوە توانیم دووبارە خەندەی هاوسەرەکەم ببینم"

ئەم نەشتەرگەرییەی لیزا، دووەم جارە لە مێژوودا کە گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤ دەچێنرێت. د. تاسو کاوای، کە یەکەمین نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەرازی بۆ مرۆڤ کردووە، سەبارەت بەم نەشتەرگەرییە گووتی "پیرۆزباییان لێدەکەم، ئەو کەسەی من نەشتەرگەریم بۆ کرد، پێش نەشتەرگەرییەکە دۆخی زۆر باشتر بوو لە لیزا، کاتێک دڵ بەباشی ئیشنەکات، نەشتەرگەرییەکە زۆر سەختدەبێت"

ئێستا، تەنیا لە ئەمریکا، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەندامێکی جەستەدان و خراونەتە سەرەوە، بەشێکی زۆر لەمانە لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی ئەندامێکدا گیانلەدەستدەدەن. سەرکەوتنی گواستنەوەی گورچیلە و ئەندامەکانی دیکە لە ئاژەڵەوە، دەبێتە هیوایەک بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا کە چاوەڕێی وەرگرتنی ئەندامێکی جەستەن.