ماوەى سێ رۆژە ژمارەیەک گەشتیار لە دەروازەى سنووریی ئیبراهیم خەلیل گیریانخواردووە

پاسی ئەو گەشتیارانەی لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل گیریان خواردووە. فۆتۆ: كەناڵ8

ماوەى سێ رۆژە ژمارەیەک گەشتیار لە دەروازەى سنووریی ئیبراهیم خەلیل گیریانخواردووە و بەرپرسانى دەروازەکە لە دیوى تورکیا رێگە نادەن گەشتیاران بچنە ئەو وڵاتەوە.

ئەو گەشتیارانە بە كەناڵ8 یان راگەیاند، بەشێکیان نەخۆشن و هەندێکیان ژن و منداڵیان لەگەڵدایە، قسەیان لەگەڵ بەرپرسانى دەروازەکە کردووە و پێیانگوتراوە، لە دەروازەى خابوور لە سنوورى تورکیا رێگرى دەکرێت لە گەشتیاران.

ئەو گەشتیارانە باسیان لەوەشكرد، "سەرجەم چێشتخانەکان داخراون، بۆ کوێ برۆین و لەکوێ شکات بکەین نازانم".

گەشتیارێكی دیكە ئاماژەی بەوەكرد، "ئێمەش هەمان کێشەمان هەیە و سێ رۆژە لێرەین، بارانە و نەخۆشمان لەگەڵدایە بۆ چارەسەر دەچێتە تورکیا، هەروەها خواردنگەکان داخراون".

هاوكات، ژنێكی گەشتیار ئەوەی بە كەناڵ8 گوت، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن گەشت بۆ توكیا هەڵوەشێننەوە یاخود دەروازەیەكی دیكە بدۆزنەوە، چونكە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەمیشە ئەو كێشەیە تێیدا روودەدات، ئێستا رەمەزانە و سێ رۆژ لەو شوێنەدا ماونەتەوە.