چاوەڕواندەکرێت تێلیگرام ملیارێک بەکارهێنەر تێپەڕێنێت

پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەری تێلیگرام، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا، بەکارهێنەرانی چالاکی مانگانەی پلاتفۆرمەکە، یەک ملیار تێدەپەڕێنێت.

دورۆڤ، کە لەلایەن گۆڤاری فۆربسەوە سامانەکەی بە 15.5 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی، هەندێک لە حکومەتەکان هەوڵیانداوە فشار بخەنەسەر پلاتفۆرمەکە تاوەکو پاڵپشتی هەندێک لایەن بکات، بەڵام ئەپەکە کە ئێستا 900 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە، توانیویەتی وەکو پلاتفۆرمێکی بێلایەن بمێنێتەوە.

تێلیگرام، ئێستا بنکەکەی لە شاری دوبەیە، لەلایەن دورۆڤی رووسییەوە دامەزرێندراوە. لە ساڵی2014 لەدوای ئەوەی رەتیکردەوە هەژماری ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی رووسیا لە ناو ئەپەکە دابخات، رووسیای بەجێهێشت.

تێلیگرام بە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە گەورەکان دادەنرێت لە جیهاندا، لە دوای فەیسبوک، یوتیوب، وەتسئەپ، ئینستاگرام، تیکتۆک و ویچاتی چین.

یەکێک لە رکابەرە سەرەکییەکانی تێلیگرام، پلاتفۆرمی وەتسئەپی مێتایە، زیاتر لە دوو ملیار بەکارهێنەری چالاکی مانگانەی هەیە.