فۆرد 456 هەزار ئۆتۆمبێل لەبازاڕەکانى جیهان دەکێشێتەوە

یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی فۆرد دەیکێشێتەوە

کۆمپانیای فۆرد زیاتر لە 456 هەزار ئۆتۆمبێلی برۆنکۆ سپۆرت و ماڤریک بەهۆی کێشە لە پاترییەکەیدا کە دەبێتە هۆى وەستانى لەناکاوى ئۆتۆمبێلەکە دەکێشێتەوە.

بەگوێرەى ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن ئیدارەی سەلامەتی هاتوچۆی رێگاوبانی نیشتمانیی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، کەمیی بارگاویکردنەوەی پاتری دەتوانێت ببێتەهۆی لەدەستدانی چاوەڕواننەکراوی وەستانی لەناکاوى ئۆتۆمبێلەکە.

کشانەوەکە نزیکەی 403 هەزار ئۆتۆمبێلی مۆدێلی ساڵى 2021 بۆ2024ی برۆنکۆ سپۆرت دەگرێتەوە کە لە نێوان شوباتی 2020 و ئازاری 2024 بەرهەمهێنراون، هەروەها زیاتر لە 53 هەزار ئۆتۆمبێلى مۆدێلی ساڵی 2022 بۆ  2023ى ماڤێریکس کە لە شوباتی 2021 تاوەکو تشرینی یەکەمی 2022 بەرهەمهێنراون.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بریکارەکان بەبێ هیچ تێچوونێک پاترى ئۆتۆمبێلەکە دەگۆڕن و بڕیارە نامەکانی ئاگادارکردنەوەی خاوەنکارەکان لە 13ی ئایاردا بە پۆست بنێردرێت بۆ سەرجەم بریکارەکانى کۆمپانیاى فۆرد لە جیهاندا.

گوتەبێژی کۆمپانیاى فۆرد بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس رایگەیاندووە، "سەلامەتی لە پێشینەی کارەکانمانە و رێوشوێنی چالاکانە دەگرینەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە خێرایی".

بەڕێوەبەرایەتیی سەلامەتیی هاتوچۆی رێگاوبانی نیشتمانی هەفتەی رابردوو رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو چارەسەرە دەکات کە فۆرد پێشنیاریکردووە دوای بانگهێشتکردنەوەی نزیکەی 43 هەزار ئۆتۆمبێلی هەڵبژێردراوی برۆنکۆ سپۆرت و ئێسکەپ، کە تێیدا بەنزین دەتوانێت لە دەرزی سووتەمەنیەکانەوە دزەبکاتە سەر رووی گەرمی بزوێنەرەکان، ئەمەش مەترسیی ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکات.