کۆمپانیایەکى چینی ئۆتۆمبێلى کارەبایى دەهێنێتە پارێزگاى دهۆک

پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل لە شەنگەهای چین فۆتۆ: AFP

کۆمپانیایەکى ئۆتۆمبێلى ئەلیکترۆنیی چینی، ئۆتۆمبێلى کارەبایى دەباتە پارێزگاى دهۆک و سەرۆکى ژوورى بازرگانیى شارەکە دەڵێت: "ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە دۆستى ژینگەیە".

سەرۆکى ژوورى بازرگانیى پارێزگاى دهۆک، رایگەیاند "لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئوتومبێلى چین کۆدەبنەوە بۆ هێنانى ئۆتۆمبیلى کارەبایى دۆستى ژینگە بۆ پارێزگاى دهۆک".

شوکرى جەمیل، سەرۆکى ژوورى بازرگانیى پارێزگاى دهۆک رایگەیاند "لەکۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمى هێنانى ئۆتۆمبێلى کارەبایى لەلایەن کۆمپانیا چینییەکەوە دەکرێت، بەگەیشتنى ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە سوودێکى گەورە دەگەیەنرێتە ژینگەى کوردستان و هانى هاونیشتمانییان دەدرێت ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە داهاتوودا لە شوێنى ئۆتۆمبێلى بەنزین بەکاربهێنن".

سەرۆکى ژوورى بازرگانیی دهۆک، ئەوەشى روونکردووەتەوە، کە پاش پارێزگاى دهۆک، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە کارەباییەى چین بۆ پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانیش رەوانە دەکرێت.