هێڵە ئاسمانییەکانی ئەوروپا خۆیان بۆ هاوینێکی زۆر گەرم ئامادە دەکەن

فڕۆکەخانەى شارل دیگۆل لە پاریسى پایتەختى فەڕەنسا. فۆتۆ: AP

هێڵە ئاسمانییەکانی ئەوروپا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی پێوانەیی سەرنشین لە هاوینی ئەمساڵدا، لەکاتێکدا گەشتیاران پەلە دەکەن لە بڕینى تکتى گەشتەکان سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی بلیتەکان.

سێ هێڵی ئاسمانی گەورەی هەرزان رایان ئایر، ئیزی جێت و ویز ئێر، لەدوایین ئەنجامەکانیاندا ئاماژەیان بە نیشانە سەرەتاییەکانی بەهێزی خواست لە هاویندا کردووە.

کۆمپانیای داتاکانی گەشتکردن OAG ئاشکرایکردووە، هێڵە ئاسمانییەکان لە هاویندا گەشتەکانیان زیاددەکات و  هێڵە ئاسمانییەکانی ئەوروپا لەنێوان مانگەکانی نیسان و تشرینی یەکەمدا 817 ملیۆن و 500 هەزار کورسی ئامادەبکەن کە بەرزترین ژمارەیە بەراورد بە ساڵانى رابردوو.

بەگوێرەى رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی جۆزێف ڤارادی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ویز ئایر  رایگەیاندووە، داواکاری لە سەرانسەری وڵاتدا زۆر بەهێزە.

بەگوێرەى خەمڵاندنی کۆمپانیای فاکتسێت، پێشبینی دەکرێت قازانجی شەش گەورەترین هێڵی ئاسمانی ئەوروپا لەساڵی 2024دا بگاتە 10 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ، لەساڵى رابردوودا نۆ ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆ بووە.