کۆمپانیای CGMی فەڕەنسی کە یەکێکە لە گەورەترین گرووپەکانی گواستنەوەی کۆنتێنەر لە جیهاندا رایگەیاند، قازانجی سەرەکیی لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوودا بەڕێژەی 82.5 دابەزیووە، ئەمەش بەهۆی ناسەقامگیریی رێگەی گواستنەوەکانی دەریای سوور و کەمبوونەوەی خواستی بەکاربەران.
گرووپەکە لە ساڵی 2022 گەورەترین دەستکەوتی بۆ فەڕەنسا بەدەستهێناوە و پێش کۆمپانیاکانی تۆتاڵ ئینێرجی و کۆمپانیای LVMH کەوتووە و قازانجی ساڵانەی گەیشتووەتە 24 ملیار و 880 ملیۆن دۆلار.
ئەمە لەکاتێکدایە قازانجی ساڵی رابردووی بۆ سێ ملیار و 640 ملیۆن دۆلار دابەزیووە.
بەهۆی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆسەر کاروانی کەشتییە بارهەڵگرەکانی دەریای سوور، کۆمپانیاکانی گواستنەوە زیانیان پێگەیشتووە و قازانجیان بەندە بە بارودۆخی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە.