رووداوەکانی هاتوچۆ لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 5% کەمیکردووە

رووداوێکی هاتوچۆ لە ئێران فۆتۆ: گێتی
رووداوێکی هاتوچۆ لە ئێران فۆتۆ: گێتی

موسا بەهاری، فەرماندەی پۆلیسی بۆکان رایگەیاند، رووداوەکانی هاتوچۆ لە شارۆچکەی بۆکان بە رێژەی 5% کەمیکردووە و بەو هۆیەوە زیانەکانی رووداوی هاتوچۆش بە رێژەی 29% کەمیکردووە.

فەرماندەی پۆلیسی بۆکان راشیگەیاند، لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا هەزار و 700 ئۆتۆمبێل و 400 ماتۆڕ سکیل بەهۆی سەرپێچیەکانەوە لە بۆکان دەستیان بەسەردا گیراوە.

ناوبراو گوتیشی: "ژمارەیەک رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ گیراونەتە بەر و بەراورد بە ساڵی رابردوو، سزای دارایی شۆفێران بە رێژەی 65% زیادیکردووە".

باسی ئەوەشیکردووە، لەو ماوەیەدا رێگاپێدان بۆ کاری خزمەتگوزاریی هاتووچۆ بە زیاتر لە دوو هەزار ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ سکیل دراوە و زیاتر لە حەوت هەزار مۆڵەتی شۆفیریش دەرکراوە.

بۆکان دەکەوێتە پارێزگای ورمێ رۆژهەڵاتی کوردستان، سێیەم گەورە شارۆچکەی پارێزگای ورمێیە و زیاتر لە 250 هەزار دانیشتووی هەیە. بۆکان لە کاری کشتوکاڵی بەرهەمی باشی هەیە، دەوڵەمەندە بە کانزاکانی بەردی ئاسن، زێڕ، نیکڵ و بوکسیت.