ئوردن هۆشدارى لە شەڕێکى وێرانکەر لەناوچەکە دەدات

ئەیمەن سەفادى، وەزیرى دەرەوەى ئوردن

دواى هێرشەکانى ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکدی، وەزیرى دەرەوەى ئوردن هۆشدارى لە شەڕێکى وێرانکەر لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەدات.

ئەیمەن سەفادى، وەزیرى دەرەوەى ئوردن رایگەیاندووە، وڵاتەکەى بانگهێشتى زلهێزەکان دەکات بۆ چارەسەرى کێشەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەڵێت، ئەگەر رێگری لە رووداوەکان نەکرێت، ئەوا شەڕێکى وێرانکەر بەرۆکى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگرێت.

گوتیشى، ئەو مووشەک و درۆنانەى ئێران کە خستوومانەتە خوارەوە بۆ بەشداریى لە شەڕەکە و پشتیوانیی لایەنێک نەبووە، بەڵکو هۆکارەکەى ئەوەبووە ئەو مووشەک و درۆنانە ئاسمان و سەروەریى وڵاتەکەمانی بەزاندووە.

وەزیرى دەرەوەى ئوردن باسى لەوەشکردوە، بنیامین نەتەنیاهو دەیەوێت بەدروستکردنى بەرەیەکى دیکەی شەڕ، چاوەکان لەسەر ئەو پێشێلکارییانە لاببات کەبەرامبەر هاوڵاتییانى غەززە دەکرێت.