توێژینەوەیەک: لە چارەسەری گرژیی ریخۆڵەدا خۆراک کاریگەرترە لە دەرمان

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، ئەو کەسانەی کۆنیشانەی گرژبوونی ریخۆڵەیان هەیە، دەکرێت زیاتر سوود لە گۆڕینی شێوازی خۆراک ببینن بەراورد بە بەکارهێنانی دەرمان

کۆنیشانەی گرژبوونی ریخۆڵە گرفتێکی باوە کە دەبێتەهۆی سکئێشە، باکردن، سکچوون و قەبزی، توندیی نیشانەکانیش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت.

لە توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی گۆسنبێرگی وڵاتی سوید کراوە، دەرکەوتووە لە دە کەس کە کۆنیشانەی گرژیی ریخۆڵەیان هەیە، حەوتیان لە رێگەی گۆڕینی شێوازی خۆراکانیانەوە نیشانەکانیان بە شێوازێکی بەرچاو کەمدەبنەوە.

لە تویژینەوەکەدا، بەشداربووان دابەشکران بەسەر سێ کۆمەڵەدا و هەر کۆمەڵەیەک 100 بەشداربووی تێدابوو کە تووشبووی ئەم کۆنیشانەیە بوون، کۆمەڵەیەکیان دەرمانی تایبەت بە کۆنیشانەکەیان پێدرا بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، کۆمەڵەی دووەم بەگشتی ئەو خواردنانەیان کەمکردەوە کە لە ریخۆڵەدا دەترشێن وەکو ئەو خواردنانەی کە لاکتۆزیان تێدایە، پاقلەمەنییەکان، پیاز و دانەوێڵەکان.

لە سێیەم کۆمەڵەشدا، کاربۆهیدراتی ژەمەکان کەمکرایەوە و دەوڵەمەندکران بە پڕۆتین و چەوری.

بەرەنجامی توێژینەوەکە دەریخست لەو کۆمەڵەیەی ئەو خۆراکانەیان کەمکردبووەوە کە لە ریخۆڵەدا دەترشێن، بە ڕێژەی 76% نیشانەکانی گرژبوونی ریخۆڵە تێیاندا کەمیکرد، ئەوانەشی کە کاربۆهیدراتیان کەمکردەوە و زیاتر ئەو خواردنانەیان دەخوارد کە دەوڵەمەندبوون بە چەوری و پڕۆتین، بە ڕێژەی 71% نیشانەکانیان کەمی کرد. بەڵام لەو کەسانەی کە دەرمانیان بەکاردەهێنا تەنیا بە رێژەی  58% نیشانەکانیان کەمیکرد.

ئەمەش دەریدەخات کە ئەو کەسانەی کۆنیشانەی گرژبوونی ریخۆڵەیان هەیە، زیاتر سوود لە گۆڕینی شێوازی خۆراک دەبینن وەک لە دەرمان.