60%ـى بەرهەمی شلیکی ئێران لە پارێزگای سنەیە

بەرهەمى شلیک.

سەرۆکی فەرمانگەی کشتوکاڵ، ئاو، ژینگەی پارێزگای سنە رایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە پارێزگای سنە بەرهەم دەهێنرێت، 60%ـى بەرهەمی شلیکی ئێران لە پارێزگای سنەیە.

محەمەد سەعیدئەحمەد پەناه، سەرۆکی فەرمانگەی کشتوکاڵ، ئاو و ژینگەی پارێزگای سنە ئاماژەى بەوەکردووە، پارێزگای سنە یەکێکە لە پارێزگا گرنگەکانى ئێران لەرووی ئاسایشی خۆراکەوە، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لەم پارێزگایەدا بەرهەم دەهێنرێت، 60%ی بەرهەمی شلیکی ئێران لە پارێزگای سنەیە. .

گوتىیشى، ساڵانە نۆ ملیۆن تۆن شلیک لە جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت و 120 هەزار تۆن لەم بەرهەمە لە ئێرانە، 60%ـى بەرهەمی شلکی ئێرانیش لە پارێزگای سنەیە، بەجۆرێک رووبەری چاندنی ئەم بەرهەمە لە پارێزگاکە گەیشتووەتە 500 هێکتار زەوی،هەشت هێکتاریش لە خانووە پلاستیکەیەکانن.

سەرۆکی فەرمانگەی کشتوکاڵ، ئاو، ژینگەی پارێزگای سنە ئاماژەیبەوەشکرد: بڕیارە ئەمساڵ لە کۆی گشتی کێڵگە و گەرمخانەکانی پارێزگاکە 75 هەزار تۆن شلیک بەرهەمان هەبێت لە پارێزگای سنە، بەهۆی کوالێتی باش و تامی خۆشیەوە شلکی پارێزگای سنە لە ئێران زۆرترین خواستی لەسەرە، بەراورد بە بەرهەمی پارێزگاکانی دیکەی ئێران.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشووتر رەزا فەتوحی، راوێژکاری وەزیری کشتوکاڵی ئێران گوتبووی، ئێران لە بەرهەمهێنانی 22 بەرهەمی کشتوکاڵی، لە ریزبەندی حەوت وڵاتی یەکەمی جیهاندایە، پلەکانی یەکەمی لە بەرهەمەکانی فستق، زەعفەران، خورما و هەناردا هەیە.