وەزارەتى بازرگانیى عێراق: 270 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە

کارکردن لە یەکێک لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتى بازرگانیى عێراق رایگەیاند، لەسەرەتاى دەستپێکردنى وەرزى بە بازاڕکردنى دانەوێڵە، 270 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و پێشبینیدەکرێت بەرهەمى گەنمى ئەمساڵ بگاتە حەوت ملیۆن تۆن.

حەیدەر نورى، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانیى دانەوێڵە لە وەزارەتى بازرگانى عێراق رایگەیاند، لە نۆ پارێزگاى باشوور پرۆسەى وەرگرتنى دانەوێڵە لە جووتیار بەردەوامە و سێ رۆژ لەمەوبەریش سەرۆکوەزیران، وەرزى بە بازاڕکردنى دانەوێڵەى لە پارێزگاى ئەنبار راگەیاند.

گوتیشى، "لەپارێزگاکانى باشوور و ئەنبار 270 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و دوابەدواى وەرگرتنى گەنمەکەش شایستە داراییەکانیان بۆ خەرجدەکرێت".

وەزارەتى بازرگانیى عێراق، لە 11ى نیسانەوە وەرزى بە بازاڕکردنى دانەوێڵەى دەستپێکردووە و بەگوێرەى پێشبینییەکانى وەزارەتەکە، چاوەڕواندەکرێت ئەمساڵ بەرهەمى گەنم بگاتە حەوت ملیۆن تۆن.

بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانیى دانەوێڵە، ئاماژەى بەوەشکردووە، ملیۆنێک و 600 هەزار تۆن گەنمى کۆگاکراوى ستراتیجییان هەیە و بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنى ئارد و دابەشکردنى لە رێگەى کۆبوونى خۆراکەوە.