پارێزگای ورمێ 30٪ سێوی ئێران بەرهەمدەهێنێت

بریکاری سەوزە ومیوە لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، 250 هەزار هێکتار لە باخەکانی ئێران بۆ چاندنی سێو تەرخانکراون، ساڵانە سێ بۆ چوارملیۆن تۆن بەرهەمی سێویان هەیە، 30٪ سێوی ئێران لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.

نەبی هەداوەند، بریکاری سەوزە و میوە لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات، تاران و پارێزگای ورمێ لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەی ئێرانن کە ساڵانە زۆرترین بەرهەمی سێویان هەیە، گەورەترین رووبەری چاندنی سێو لە پارێزگای ورمێیە و سێوی ئەو پارێزگایە لە رووی کوالێتی جۆر و تامەوە خواستێکی زۆری لەسەرە.

بریکاری سەوزە ومیوە لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، بەمەبەستی فراوانکردنی هاریکاریی تەکنیکی و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێران یەکێکە لە هەناردەکارە سەرەکییەکانی سێو بۆعێراق، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا یاداشتێکی نوێ بۆ هەناردەکردنی سێوی پارێزگای ورمێ بۆ عێراق واژۆبکرێت.

پیشووتر محەمەد عەلی نیکبەخت، وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاندبوو، قەبارەی ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دیکە هەناردەکراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت ملیۆن تۆن بە بەهای شەش ملیاردۆلار، لە بەرهەمهێنانی 22 بەرهەمی کشتوکاڵی، ئێران لە ریزبەندی حەوت وڵاتی یەکەمی جیهاندایە، پلەکانی یەکەمی لە بەرهەمەکانی فستق، زەعفەران، خورما و هەناردا گرتووە.