سودانى بەڵێنی وەرگرتنى زۆربەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان دەدات

دیمەنى دروێنەى گەنم.

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوزەیرانى عێراق بەڵێنى پێداون زۆربەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـى ئایار، سەرۆکى فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبونەتەوە و جەمال کۆچەر، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و بەشدار لە کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کەناڵ8 رایگەیاند، "داوامان لە سەرۆکوەزیرانى عێراق کرد هەموو گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرن".

ئاشکراشیکرد، "لەوەڵامدا بەڵێنى پێداین هەموو گەنمى جووتیاران وەربگرن، ئەوەى خستەڕوو کە لیژنە پێکهێنراوە بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیاران و کارى خۆیان دەکەن".

ناوبراو ئەوەشى راگەیاند، "سودانى پێی راگەیاندین کە ئێمە حەز دەکەین هەموو گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرین، بەڵام بودجەیەکمان بۆ دیاریکراوە، چەند لە تواناى حکومەتى عێراق هەبێت ئەوەندە گەنم لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان و عێراق وەردەگرین".