بەرهەمهێنانى گەنم لە هەرێمى کوردستان دوو ملیۆن تۆن تێدەپەڕێنێت

کارکردن لە یەکێک لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ کەناڵ8 رایگەیاند، "بەرهەمهێنانى گەنمى جووتیارانى ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن دەبێت".

هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان راشیگەیاند، ساڵى 2023 بەرهەمى گەنمى هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم هەبوو، عێراق تەنیا 500 هەزار تۆنى وەرگرت، کە بۆ هەر تۆنێک بڕى 850 هەزار دینارى خەرجکرد، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان داوایکردووە کە زۆرینەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرن.

هیوا عەلى، ئەوەشى خستەڕوو، کە لیژنەیەکى باڵاى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ماوەى شەش رۆژ لە هەرێمى کوردستان دەمێننەوە و سەردانى ناوچە جیاوازەکان دەکەن.

گوتیشى: "لیژنەکەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق راپۆرتێک لەبارەى بەرهەمى گەنمى هەرێمى کوردستان ئامادە دەکەن، کە چاوەڕێن زۆرترین گەنم لە جووتیاران وەربگرن، پێشبینیدەکەن یەک ملیۆن تۆن وەربگرن".