ماکرۆن: چەکی ئەتۆممان هەیە و کەی پێویستبێت بەکاریدێنین

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا فۆتۆ: AFP

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی یەکێکە لە پایە ستراتیژییە سەرەکییەکان بۆ بەرگریکردن لە ئەوروپا، هاوکات بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیادا، ئەوروپا پێویستی بە فەڕەنسایە، گوتی، "فەڕەنسا چەکی ئەتۆمی هەیە و کەی پێویستبێت بەکاریدێنێت".

ماکرۆن لەمیانەی گوتارێکیدا لەزانکۆی سۆربۆنی وڵاتەکەی، داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، لەسەر ستراتیژییەتێکی هاوبەش لەبارەی چۆنێتیی بەرگریکردن لە ئەوروپا رێکبکەون. 

سەرۆکی فەڕەنسا باسی لەوەشکرد، توانا ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی پێویستە ناوەڕۆکی ستراتیژی بۆ بەرگریکردن لە ئەوروپا بێت، بەهۆی توانا ئەتۆمییەکانمانەوە دەتوانین گرەنتی ئەمنیی وڵاتانی ئەوروپا بکەین.

سەرۆکی فەڕەنسا گوتیشی، "ئەگەر مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دروستببێت، بنەما سەربازییەکانی وڵاتەکەی رێگەی پێدەدات لەکاتی پێویستدا چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت.

لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ئیمانوێل ماکرۆن لەماوەی رابردوودا رایگەیاند: ئەگەر پێویست بێت هێزی سەربازی دەنێرن بۆ ئۆکرانیا، تاوەکو رووبەڕووی دەستدرێژییەکانی رووسیا ببنەوە خاکەکەیان بپارێزن.