کارما چییە و چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانمان هەیە؟

کارما چییە و چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانمان هەیە؟

دەستەواژەیەکی باو هەیە دەڵێت "هەر شتێک بکەیت دێتەوە رێگات"، واتە هەموو ئەو هەڵوێست و کردەوانەی لە ژیاندا ئەنجامی دەدەیت، جارێکی دیکە دێنەوە رێگات بەو شێوەیەی تۆ کردووتە، بە واتایەکی دیکە ئەگەر کارێکی باش بکەیت، باشتر دێتەوە رێگات و بەپێچەوانەشەوە خراپە بکەیت، خراپتر دێتەوە رێگات.

ئەم بیرۆکەیە بە گشتی پێی دەوترێت (کارما) و هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن مێژووەکەی بۆ بیروباوەڕی هیندۆیزم  دەگەڕێتەوە و هەندێکیش دەڵێن بودیزم، کە لە دەقە کۆنەکانیاندا باس لەوە کراوە کردارەکانت وەک کۆمەڵێک گرێی بێکۆتا وان، لە هەر شوێنێکەوە دەستپێبکات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنە.

وشەی کارما لە فەرهەنگی سانسکریتیی کۆندا بە واتای کردار دێت، لە رێوڕەسمە ئایینییەکانی ئایینی هیندۆسی وەک ساراسواتی، راجنا و دیڤاڵی و لە پەیڕەوە ئاینییەکانی وەک رێگڤیدا و جایندا ناوی هاتووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە سەرچاوەی کارما دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی هیندستان.

کارما بۆ یەکەم جار لە هۆنراوەیەکی کۆنی یەکێک لە ئوپانیشادەکانی (کۆمەڵە دەقە ئاینییەکان)ی ئاینی هیندۆسیدا) هاتووە کە دەڵێت:

ئێستا مرۆڤێک بەم جۆرەیە یان بەو جۆرەیە
بەڵام بە گوێرەی کردار و هەڵسوکەوتەکانی بووەتە ئەم کەسە
مرۆڤێک کە کرداری باش بێت، باش دەبێت
مرۆڤێکیش کە کرداری خراپ بێت، خراپ دەبێت
بە کرداری باش ناخی مرۆڤ باش دەبێت، بە کرداری خراپ، ناخی مرۆڤ خراپ دەبێت

بەشێکی دیکەی کارما پێکهاتووە لە دەروون و نیازی کەسەکان، بۆ نموونە ئەگەر بەرامبەر کەسێک نیازت پاک بێت یاخود مەبەستت نەبێت زیانی پێبگەیەنیت، تەنانەت ئەگەر هیچ کردارێکیش نەکەیت، ئەوا ئەو باشییە دێتەوە رێگات. بەڵام ئەگەر نیازێکی خراپت هەبێت و نییەتی ئازاردانی کەسەکانت هەبێت، تەنانەت ئەگەر بە بیرۆکەیەک یان وشەیەک خراپە بنوێنیت، ئەوا دێتەوە رێگات.

هەرچەندە لە کارمادا باش و خراپ بە یەک بنەما مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام باشە باڵادەستە. کارما دەڵێت ئەگەر بەرێژەیەکی کەمیش کرداری باش ئەنجام بدەیت، ئەوا باشەیەکی زۆر دێتەوە رێگات، خراپەیەکی کەمیش بکەیت ئەوا بە خراپەیەکی زۆر دێتەوە رێگات.

کارما چوار بنەمای سەرەکی هەیە کە پێکهاتوون لە:

یەکەم:

کردارە بچووکەکان ئەنجامی گەورەیان هەیە؛ بچووکترین کردار دەتوانێت خۆشییەکی بێئەندازە یان خەمێکی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت. ئەوەی لای تۆ کردەوەیەکی بچووکە وەک بەخشینی پاروویەکی بچووک یان تەنانەت سڵاوکردن لە کەسێک، رەنگە بۆ کەسێکی دیکە گەورە بێت. بەهەمانشێوە تێبینییەکی ئازاربەخش تەنانەت ئەگەر یەک وشەش بێت، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیان و دەروونی کەسێک هەبێت.

دووەم:

کارما حاڵەتێکی کەسییە؛ واتە تۆ بەرپرسیاریت لە کاردانەوەی کارما بۆ سەر خودی خۆت. هیچ کەسێکی دیکە چاکە یان خراپەی کردارەکانی تۆی بۆ ناگەڕێتەوە.

سێیەم:

کارما دەبێت لە پابەندی و نیازی خودی خۆتەوە بێت؛ کردارە ناپابەندەکان ئەو ئەنجامەت پێنابەخشن کە تۆ دەتەوێت، پێویستە بە تەواوی پەیوەست بیت بە کردارەکان یان بەنیازێکی پاکەوە ئەو کردارانە ئەنجام بدەیت بۆ ئەوەی بێتەوە رێت، ئەمەش بۆ کردارە باشەکان زیاتر راستە.

چوارەم:

کارما ون نابێت؛ واتە ئەو کردارانەی ئەنجامیان دەدەیت دەبێت ئەنجامەکانیان بێنەوە رێگات ئەگەر باشبن یان خراپ، زارەکی بێت یاخود کرداریی جیاوازیی نییە.