متمانەبەخۆبوون؛ کلیلی ژیانێکی باشتر

متمانەبەخۆبوون رێگایەکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پێویستە، یارمەتیت دەدات بڕیاری باشتر و راستتر بدەیت، هەڵسوکەوتەکانت گونجاوتر بێت و هەنگاوی دروستتر بنێیت، ئەمەش واتلێدەکات باشتر بژیت.

هەموومان چەمکی متمانەبەخۆبوونمان بیستووە، بەڵام رەنگە لە رووی زانستییەوە پێداچوونەوەمان بۆ ئەم چەمکە نەکردبێت، زانستی دەرونناسی چەمکی متمانەبەخۆبوون وەک بەهرەیەکی دەستکەوتوو دەناسێنێت نەک وەک نەریتێک کە لە مرۆڤەکاندا هەبێت.

دکتۆر ناسانێل براندن، شارەزای دەروونناسی و یەکێک لە زانا گەورەکان لە بواری متمانەبەخۆبووندا دەڵێت: " متمانەبەخۆبوون پرۆسەیەکی فێربوونە کە دەتوانین رۆژانە لە رێگەی بەرکەوتن و دووبارەبوونەوەی رووداوەکانەوە فێربین".

هۆکارێکی دیکەی دروستبوونی متمانەبەخۆبوون لە مرۆڤەکاندا بریتییەلە سەرکەوتن و ئەرێنیبوون لە ژیاندا، ئەگەر رۆژانە مامەڵە لەگەڵ رووداو و مرۆڤی کەسی ئەرێنیدا بکەیت یاخود سەرکەوتنی بەردەوام بەدەستبهێنیت و دڵخۆشبیت بەو کارەی دەیکەیت، ئەوا بڕوا و متمانەت بەخۆت زیاتر دەبێت.

هۆکارێکی دیکەی متمانەبەخۆبوون دەگەڕێتەوە بۆ تواناکانی خۆت، ئەگەر بەهای خۆت و تواناکانت بزانیت، ئەوا زیاتر متمانەت بە خۆت دەبێت تەنانەت ئەگەر دووچاری شکستیش بیت.

بەراوردکردنە یەکێک لە دوژمنەکانی متمانەبەخۆبوون، بەراوردکردنی خۆت و تواناکانت بە کەسانی دیکە وادەکات هەستی خۆبەکەمزانینت بۆ دروست بکات، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و تواناکانت بەجێدەهێڵێت.

چوار هەنگاوی زانستیی گرنگ بۆ متمانەبەخۆبوون:

یەکەم: دەروونناسیی ئەرێنی

دکتۆر مارتن سێلیگمان، پێشەنگی بوارێکی دەروونناسی بوو بە ناوی دەروونناسی ئەرێنی کە گرنگی بە بونیادنانی خاڵ و لایەنە بەهێزەکان دەدات نەک چاککردنی خاڵە لاوازەکان. رێبازی سێلیگمان هانی تاکەکان دەدات کە توانا و خاڵە بەهێزەکانیان دەستنیشان بکەن و لە ژیانیاندا سوودی لێ وەربگرن، بەمەش کەسەکان زیاتر متمانە بەخۆیان دەکەن.

بیرکردنەوەی ئەرێنی

لە رێگەی بیرکردنەوەی ئەرێنی و پاککردنەوەی مێشکت لە بیرۆکە نەرێنی و روخێنەرەکان، دەتوانیت باشتر بیربکەیتەوە و مێشکت بەرەو ئەرێنیبوون و بەهێزبوون ئاڕاستە بکەیت نەک بەرەو تێكشکاندنی توانا و بەهرەکانت، لەبیرت بێت مێشک یەکێکە لە بەهێزترین چەکەکانی مرۆڤ.

دانانی ئامانج

ئامانجدانان لە چەند روویەکەوە کاریگەریی ئەرێنی بۆسەر متمانەبەخۆبوون هەیە، کاتێک ئامانجێک دادەنێیت زیاتر هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دەدەیت و دەتەوێت سەرکەوتووبیت، ئەمەش هەستی متمانەبەخۆبوونت بەهێزتر دەکات.

ئاڵنگاریکردنی تواناکانت

گوتەیەک هەیە دەڵێت "ئاڵنگاریەکانت سنووردار مەکە، بەڵکو ئاڵنگاریی سنوورەکانت بکە"، واتە هەمیشە خۆت بەرەوپێش ببە و ئاڵنگاریی خۆت و تواناکانت بکە. هیچ کاتێک خۆت بە زانینی بڕێکی دیاریکراو یان بەهرەیەکی دیاریکراوەوە سنووردار مەکە، بۆ ئەوەی هەمیشە هەست بە متمانەبەخۆبوون بکەیت و هیچکاتێک هەست نەکەیت تۆ لە کەسێکی دیکە کەمتریت.