هونەری رێکخستنی ماڵەکەت بەشێوازی فێنگ شوی

فێنگ شوی نەریتێکی دێرینە و مێژووەکەی بۆ کلتووری کۆنی چینی دەگەڕێتەوە. نەریتەکە تایبەتە بە رێکخستنی شوێنی نیشتەجێبوون، کەلوپەلی ناوماڵ و رێکخستنی بۆشایی بۆ دروستکردنی هاوسەنگی و راکێشانی وزەی ئەرێنی.

فێنگ شوی لە دوو وشەی کۆنی چینی پێکدێت، (فێنگ) بە واتای ئاو و (شوی) بە واتای هەوا دێت. فێنگ شوی پێکەوە وەک وشەیەک لەچیرۆکە کۆنەکاندا بەو مانایە هاتووە کە ژیانی مرۆڤەکان یاخود شوێنی نیشتەجێبوونیان دەبێت وەک ئاو نەرم و رەوان بێت و هەوا بە ئاسانی تێیدا هاتووچۆ بکات.

شارەزایانی تەندروستیی دەورونی دەڵێن، ژینگە و ناوماڵەکەت دەتوانن شێوازی ژیان و بیرکردنەوەت دیاری بکەن، لێرەوە دەتوانین سوود لە فێنگ شوی وەربگرین وەک ئامرازێک بۆ دیزاینکردنی ناوماڵ و ژوورەکان بۆ هاتنەناوەوەی رووناکی و وزەی ئەرێنی.

فێنگ شوی پشت بە پێنج کەرەستەی سەرەکی دەبەستێت کە بریتین لە ئاگر، زەوی، دار، ئاو و کانزاکان. ئەم پێنج کەرەستەیەش ئەوانەن کە تەلارسازیدا بەکاردێن و لەناو ماڵدا هەن، بەگوێرەی ئەم نەریتە هەریەکێک لەو کەرەستانە وزە و تایبەتمەندی خۆیان هەیە و دەبێت کار لەسەر هەموویان بکرێت.

فێنگ شوی کار لەسەر رووناکی، ئاوێنە، رەنگ و پەنجەرەی ناوماڵیش دەکات، بۆ نموونە نابێت ئاوێنە لەبەردەم دەرگای هاتنەژوورەوە دابنرێت بۆ ئەوەی وزەی نەرێنی نەهێنێتە ناو ماڵەکەت، بەڵکو دەبێت لە شوێنێکی ماڵ دابنرێت کە وزەی ئەرێنی بگوازێتەوە. بۆ نموونە دەتوانیت لە گۆشەیەکی تاریک بێت کە لەرێگەی ئاوێنەکەوە یان کردنەوەی پەنجەرەوە رووناکی و هەوای بۆ بێت، یاخود ئەو رەنگانە هەڵبژێرین کە دڵخۆشکەر و وزەبەخشن.

بەکارهێنانی رووەک و سەوزایی لەناو ماڵ و دەوروبەریدا خاڵێکی تری ئەم نەریتەیە، بۆ نموونە ئەگەر ماڵەکەت باخچەی هەبوو، ئەوا هەوڵبدە هەمیشە رەنگەکەی لەژوورەوە دیاربێت، یاخود ئەگەر لەژوورەوە رووەکت هەبوو، پێویستە لەشوێنێک دابنرێت کە دیاربێت، رووناکی لێیبدات و لەبەردەم رێڕەوی هەوادابێت بۆ ئەوەی وزەی باش و ئۆکسجین بهێنێتە ناو ماڵ یاخود ژوورەکەت.

هونەری فێنگ شوی بۆ دەستەبەرکردنی نۆ بنەمای سەرەکی کاردەکات کە کاریگەری و وزەی ئەرێنی دەهێننە ناو ژیان و ماڵەکەتەوە کە ئەوانیش بریتین لە: دەوڵەمەندبوون، بەناوبانگبوون، هاوسەرگیریی، خێزان، منداڵ، زانست، رووەک و گیانلەبەر هەروەها خەڵکی باش یاخود یارمەتیدەر لە ژیانتدا.