چۆن هەنگاو بۆ داراییەکی باشتر بنێین؟

لە ژیانی دارایی ئەمڕۆدا بە تایبەت لەمیانی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی نرخی دراو، کاڵا، شمەک و بۆرسەی جیهانی، هەبوونی پلانێکی دارایی بۆ رێکخستنی داهات و خەرجییەکانت زۆر گرنگە.

لە هەر ئاستێکی ژیاندا بیت، کەمدەرامەت یاخود خاوەنی سامانێکی زۆر بیت، پێویستە بەردەوام پلانێکی داراییت هەبێت، بۆ دانانی ئەو پلانەش ئەم هەنگاوە گرنگانە بگرەبەر:

بودجەیەک دروستبکە:

بناغەی بەڕێوەبردنی دارایی راست، بودجەیەکی باش داڕێژراوە، سەرەتا بەدواداچوون بۆ داهات و خەرجییەکانت بکە تاوەکو باش لێیان تێبگەیت، ئەمەش وا دەکات پارە بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان تەرخان بکەیت، خەرجییە لاوەکییەکانت کەمبکەیتەوە و بتوانیت پارە پاشەکەوت بکەیت.

ئامانجی دارایی دابنێ:

دانانی ئامانجی دارایی روون و بەدیهاتوو زۆر گرنگە، جا ئامانجت کڕینی خانوو، پاشەکەوتکردنی پارە یان دانەوەی قەرزەکانت بێت، هەبوونی ئامانجی دارایی روون پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی پارەکانت باشتر بەکاربهێنیت، کۆنترۆڵت هەبێت و بڕیاری دارایی باشتر بدەیت.

پارەی سپی بۆ رۆژی رەش:

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنێکی باش بۆ دارایی و دواڕۆژێکی دارایی سەقامگیر، بریتییە لە دروستکردنی سندوقێک یان عەمبارێکی ستراتیژی بۆ کات، پێشهاتە سەخت و لەناکاوەکان، عەمباری ستراتیژی پێکدێت لە دانانی بڕە پارەیەک بۆ پێشهاتێک لە داهاتوودا، کە دەکرێت رووبدات، بۆ نموونە حاڵەتی نەخۆشی، تێکچوونی ئۆتۆمبێل یان نەخۆشکەوتنی کەسێکی نزیک.

پێشەکی بدە و پارە لە بانک دابنێ:

تەرخانکردنی پارەی پێشەکی بۆ کاڵا و دەستکەوتە گرنگەکان یان دانانی پارە لە بانک، زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی دارایی درێژخایەن و دانانی پلانێکی دارایی تۆکمە، پێدانی پێشەکی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک، خانوویەک یان پرۆژەیەک گرنگە بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی دارایی درێژخایەن، هەروەها دانانی پارە لە بانک بۆ کاتی پێویست گرنگە، چونکە لە کاتی خۆیدا پێویست ناکات توشی شڵەژان ببیت.

پاشەکەوت و وەبەرهێنان:

بەشێک لە داهاتەکەت بۆ پاشەکەوت و وەبەرهێنان تەرخان بکە، بیر لە پاش خانەنشینی یان پاش کۆتاییهاتنی راژەی کارەکەت بکەرەوە. هەروەها گرنگە وەبەرهێنان بکەیت و پارە هەڵگیراوەکەت بخەیتە کارەوە، وەبەرهێنانەکانت گرنگە هەمەچەشن بن بۆ نەهێشتنی مەترسی لە ناوچوونی هەموو پارەکەت لە کاتی هەرەسهێنانی یەکێک لە پرۆژەکانت یان وەبەرهێنانەکانت.

خەرجییەکانت لە داهاتەکەت زیاتر نەبێت:

لە زیادەڕەوی لە خەرجکردنی داهاتەکەتدا دوور بکەوەرەوە، خەرجییە ناپێویستەکان ببڕە و بیر لە قوربانیدانی بچووک بکەرەوە بۆ زیادکردنی رێژەی پاشەکەوتکردنت، دەبێت بیر لەوە نەکەیتەوە کە مانگانە چەند لە داهاتەکەت خەرج دەکەیت بەڵکو ئەوە گرنگە کە چەندی لێ پاشەکەوت دەکەیت.

چاودێریی خەرجییەکانت بکە:

دانانی پلان و بودجە یارمەتیدەرت دەبێت لە چاودێریکردنی خەرجیەکانت بۆ زانینی چۆنییەتی خەرجکردنی پارەکەت لە چ کاتێکدا بە شێوازێکی راست، چاودێریکردنی خەرجی وەکو چاودێریکردنی تەندروستی وایە، بۆ ئەوەی توشی کێشە نەبیت، دەبێت هەمیشە چاودێری داهات و داراییت بکەیت.

خەرجییە بێسوودەکان کەمبکەرەوە:

کڕین و خەرجییە بێ پلانەکان مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر هەر پلانێکی دارایی، چونکە خەرجییەکی زۆر دەکەیت، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێک یان پاشەکەوتێکی دارایی هەبێت بۆت.دەبێت لە کڕینی بچووکترین بۆ گەورەترین شت لە ژیانتدا دووجار بیرکەیتەوە، پرسیاری ئەوە لە خۆت بکەیت ئایا ئەم شتەت بە راستی پێویستە یان نا؟ گوتەیەکی ئیتاڵی کۆن هەیە دەڵێت، ئەگەر شتێک بکڕیت کە پێویستت پێی نەبێت ئەوا ناچار دەبیت شتێک بفرۆشیت کە پێویستت پێیەتی.