چۆن وێنەیەکی ئەرێنیی خۆت لە شوێنی کارەکەت نیشاندەدەیت؟

بەهۆی شێوازی ژیانی مۆدێرنەوە زۆربەی رۆژەکەت لە شوێنی کار بەسەردەبەیت، بۆیە گرنگە پەیوەندییەکی تەندروستت لەگەڵ هاوکارەکانت هەبێت و زانیارییەکی سەرەتایی سەبارەت بە شێوازی ژیانیان بزانیت.

بەشداریکردن لەو بۆنانەی پەیوەندی بە کارەکەتەوە هەیە

بەشداریکردن لەو بۆنانەی پەیوەندی بە کارەکەتەوە هەیە، دەرفەتێکی باشە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و تێکەڵبوون لەگەڵ هاوکارەکانت، چونکە لەشوێنی کاردا هەمووان سەرقاڵن و دەرفەت بۆ بابەتە کەسییەکان نابێت.

رێزگرتن

رێزگرتن خاڵێکی گرنگ و سەرەکییە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، مامەڵەکردنی بەڕێزانە لەگەڵ هاوکار و هاوپیشەکانت، بە رێزێکی زیاترەوە دەگەڕێتەوە بۆت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی هەردووکتان بەجێدەهێڵێت.

هەوڵبدە کێشەکان چارەسەر بکەیت

کاتێک کێشەیەک لە شوێنی کارەکەت روودەدات یاخود هاوکارێکت تووشی کێشە دەبێت، رەنگە بە ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تۆش دروستبکات. هەوڵبدە کێشەکان چارەسەر بکەیت چونکە دەکرێت زیان بە پیشەکەت، شوێنی کارەکەت یاخود کۆتایی بە راژەی هاوکارێکت بهێنێت.

هاوسۆزی نیشان بدە

هاوسۆزی نیشانی ئەو کەسانە بدە کە پێویستیان پێیە یاخود بە دۆخێکی نەخوازراودا تێدەپەڕن، یارمەتییان بدە و هاوکاربە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

پێشنیاری یارمەتیدانی کەسانی تر

ئەگەر تێبینیت کرد کەسێک رۆژێکی سەرقاڵی هەیە لە شوێنی کارەکەتدا، بیر لەوە بکەرەوە کە خۆبەخشانە یارمەتی هاوپیشەکانت بدەیت لە هەندێک لەو ئەرکانەی بەسەریاندا کەڵەکە بووە. لەوانەیە هاوکارەکانت پێشنیارەکەت یان یارمەتییەکەت بەرز بنرخێنن و رەنگە لە داهاتوودا ئەوانیش لە کاتی پێویستدا لەگەڵت بن.

دەنگ هەڵبڕە لە پێناو خۆت و هاوکارەکانت

کاتێک هەست بە شتێکی هەڵە یان ناڕەوا دەکەیت، وەک ئاکارێکی مرۆڤانە دەنگ هەڵبڕە و مەهێڵە پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی خۆت، هاوپیشەکانت یان شوێنی کارەکەت بکرێت، هەوڵبدە هاتنە دەنگەکەت زمانی هەڕەشە و ناخۆشیی بۆ کەس تێدا نەبێت و رێڕەوی کارگێڕی بگرەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆت و هاوپیشەکانت.

با کاریگەرییەکی ئەرێنیت هەبێت

ئەرێنیبوون دەتوانێت یارمەتی تۆ و کەسانی دیکە بدات لە هەموو بارودۆخەکاندا، دەتوانێت پاڵنەرێک بێت بۆت لە کاتە سەخت و کاتی ئاڵنگارییەکاندا، کاریگەری ئەرێنی زوو دەگوازرێتەوە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەموو تیمەکە هەبێت، ئەگەر رۆژێک یان دۆخێکی ناخۆش و سەختتان بەسەردا هات هەوڵبدە بیروڕات ئەرێنی بێت بەرامبەری و پاڵنەری خۆت و هاوکارەکانت بیت بۆ ئەوەی بێئومێد نەبن. تەنانەت ئەگەر نەتوانیت لە کاردا یارمەتییان بدەیت؛ نیشاندانی هەڵوێستێکی ئەرێنی کاریگەری خۆی هەیە.

بیروڕای هاوڕێکانت لە بارەی خۆتەوە بزانە

فێربە چۆن دەتوانیت کاریگەریی گەورەتر لە شوێنی کارەکەتدا دروستبکەیت و بایەخ بە بیروڕای هاوکارەکانت و بەڕێوەبەرەکەت بدەیت. مەهێڵە بیروڕای کەسانی دیکە کاریگەریی نەرێنیت لەسەر دروستبکەن، بەڵکو وەک دەرفەتێک بەکاریانبهێنە بۆ زانینی خاڵە لاوازەکانی خۆت تاوەکو کاریان لەسەر بکەیت.

خاڵە بەهێز و لاوازەکانت دەستنیشان بکە

دەستنیشانکردنی توانا و لاوازییەکانت یارمەتیدەری خۆت و شوێنی کارەکەت دەبێت لە باشترکردنی شێوازی کارکردن. ئەگەر شتێکی دیاریکراو دەزانیت کە ئەوانی دیکە نایزانن، دەستپێشخەری بکە و یارمەتییان بدە لەو بوارەدا. ئەگەر تۆ یان ئەندامێکی دیکەی تیمەکە بەهرەیەک یان کارامەییەکی دیاریکراویان نەبوو یاخود لاوازبوون تێیدا، هەمووان دەتوانن یارمەتی یەکدی بدەن و کارەکان باشتر ئەنجام بدەن.

پێشەنگبە

پێشەنگبە بۆ ئەو ئەرک و پرۆژانەی بۆ خۆت یان شوێنی کارەکەت دیاریکراوون، هەوڵبدە پێشڕەویی بکەیت و ماندووترین و خەمخۆرترین کەس بیت بۆ کارەکەت، هەروەها رێوشوێنی پێویست بگرەبەر بۆ ئەوەی دڵنیابیت کە هەمووان لەسەر رێڕەوی خۆیانن و کارەکانیان ئەنجامدەدەن.