ليژنه‌ى هاوبه‌شى دانوستانكارى پارتى و یەکێتى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

وێنەیەکی لیژنە هاوبەشە دانوستانکارەکانی پارتى و یەکێتى
وێنەیەکی لیژنە هاوبەشە دانوستانکارەکانی پارتى و یەکێتى

ليژنه‌ى هاوبه‌شى دانوستانكارى پارتى و یەکێتى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، رێککەوتنیان لەسەر زۆرینەى تەوەرەکان کردووە و گفتوگۆى بنیادنەرانەیان کردووە بەمەبەستى کارى هاوبەش لە قۆناغى داهاتووى حکومڕانیدا.

ئەمڕۆ، 4ـی شوباتی 2025، پێنجەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو.

ليژنه‌ى هاوبه‌شى دانوستانكارى هەردوولا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش چه‌ندين دانیشتنی چڕوپڕ و گفتوگۆى بنیادنەرانه‌، دوایين كۆبوونه‌وه‌ى خۆی ئه‌نجامداوە بەشێوه‌يه‌ك، كه‌ له‌ ئاستى قۆناغی هه‌ستیاری ئێستا و چاوه‌ڕوانيى هاونیشتمانییانی هه‌رێمى كوردستاندا بێت.

دەشڵێت: لێكتێگه‌يشتنى هاوبه‌ش و رێككه‌وتنى سه‌ره‌تايى له‌سه‌ر زۆربه‌ى ته‌وه‌ره‌كان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كان ده‌خرێته به‌رده‌ستى ليژنه‌ى باڵاى دانوستانكارى هه‌ردوولا، بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، رەشنووسی نووسینەوەی شێوازی حکومڕانیی هەرێمى کوردستان نووسراوەتەوە، کە لە 17 لاپەڕە و 9 تەوەر پێکدێت.

لەماوەى رابردوودا لیژنە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی چوار کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و گفتوگۆیان لەبارەى رەشنووسەکەوە کردووە.

لە پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دوو جار شاندى باڵای یەکێتى و پارتى لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.

پارتى دیموکراتى کوردستان، 39 کورسىیی لە خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى بەدەستهێناوە، هەردوولاش شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکەش کۆبوونەتەوە.