"158 کۆمپانیای جیھانی یارمەتیی رژێمی بەعسیان داوە بۆ بەدەستھێنانی چەکی کیمیایی"

کەناڵ8 16/03/2025
وێنەی عومەری خاوەر و منداڵەکەی، کە بوونە قوربانیی چەکی کیمیایی رژێمی بەعس لە 16ی3ی 1988 دا لە هەڵەبجە
وێنەی عومەری خاوەر و منداڵەکەی، کە بوونە قوربانیی چەکی کیمیایی رژێمی بەعس لە 16ی3ی 1988 دا لە هەڵەبجە

لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێران، چەندین وڵات و کۆمپانیای تایبەت و حکومی کەرەستەی دروستکردنی چەکی کیمیاییان بە رژێمی بەعس فرۆشت، کە رژێمی بەعس لە کارگەکانی بۆ دروستکردنی چەکی قەدەغەکراو بەکاریدەهێنان.

عێراق لەو ماوەیەدا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر هێزەکانی ئێران و هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان چەکی کیمیایی بە تایبەتی گازی خەردەل، سارین و تابوونی بەکارهێنا، کە ماددەی کیمیایین و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە قەدەغەکراون.

لەسەر ئاستی وڵاتان، ئەڵمانیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا، پێشەنگی وڵاتانی جیهان بوون لە دابینکردنی کەرەستە بۆ کارگەکانی عێراق، کە حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی سوودی لێوەرگرتوون.

هەروەها ئەمریکا هەرچەندە راستەوخۆ چەکی کیمیایی بۆ عێراق دابیننەکردووە، بەڵام کۆمپانیا ئەمریکییەکان  لە رێگەی دەستی دووەوە کەرەستەی کیمیاییان بە عێراق فرۆشتووە، ئەو ماددانەش دەتوانرێت بۆ بواری مەدەنی و سەربازیی سوودیان لێوەربگیرێت.

وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەتی لەوکاتەدا وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رێگریکردن لە هەناردەکردنی شۆڕشەکە بۆ دەرەوە و دروستبوونی ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا. لەو چوارچێوەیەدا چاوپۆشییان لە زۆرێک لەو تاوانانە دەکرد، کە حکومەتی بەعس دەرهەق بە گەلی کورد و نەیارەکانی ئەنجامی دەدا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەى "دی تاگستایتونگ" - Die tagezeitun)ی ئەڵمانی، کە لە ساڵی 2002دا بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە "158" کۆمپانیای جیھانی بەڕێگەی نایاسایی یارمەتی رژێمی بەعسیان داوە، بۆ بەدەستھێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی.

تاوەکو ئێستا بەڵگەى پێویست و سەلمێنەر لەسەر 24 کۆمپانیا و کەسایەتی کۆکراوەتەوە، کە دەسەلمێنرێت ماددەی کیمیاییان بە رژێمی بەعس داوە و ئەو ماددانەش لە دژى خەڵکى هەڵەبجە بەکارهێنراون.

لە 13ـی 3ـی 2018 ، کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە لەگەڵ رێکخراوێکی ئەمریکی بە نوێنەرایەتیی چوار هەزار و813 بریندار و خانەوادەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە سکاڵای لەسەر 24 کەسایەتی و کۆمپانیای ناوەوە و دەرەوەی عێراق تۆمارکرد.

هەرچەندە بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکان هەڵوەشاونەتەوە، یان نەتوانراوە داواکە پێیان بگەیەنرێت ژمارەی سکاڵالێکراوەکان بۆ 15 کەس و کۆمپانیا کەمبوونەتەوە.

سکاڵاکان لە دادگای هەڵەبجە تۆمارکراون و دواتر گواستراونەتەوە بۆ دادگای سلێمانی و لە ئێستادا لە قۆناغی راسپاردنی شارەزایانیی یاساییدایە بۆ ئەوەی رێژەی قەرەبووکردنەوەکان دیاریبکرێن و لە 20ـی چواری ئەمساڵیشدا دانیشتنی دادگا بۆ دادبینی لە کەیسەکە بەڕێوەدەچێت.

کەناڵ8

16/03/2025