لە سنووری چەمچەماڵ سێ کەس کوژران
لە رووداوێکی تەقەکردندا و بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە، سێ کەس لە گوندێکى سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ کوژران و کەسێکی دیکەش بەسەختی برینداربوو.
سێ سەرچاوەی ئەمنی کە نەیانویست ناویان بڵاوبکرێتەوە بە کەناڵ8یان گوت "لە گوندی قاسم بەگزادەی سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ، لەسەر کێشەی زەویوزار شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا روویدا و بەوهۆیەوە سێ کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بەسەختی برینداربووە".
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکرد، تەرمی یەکێک لە کوژراوەکان رەوانەی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ کراوە و دوو تەرمی دیکەش بەرەو پزیشکی دادی سلێمانی براون.
هاوکات سەرچاوەیەک لەناو گوندی قاسم بەگزادە بە کەناڵ8ـی گوت "دوو لە کوژراوەکان برای یەکترن و کوژراو بریندارەکەی دیکەش لەلایەنی بەرامبەرن و هەردووکیان بران".
گوتیشی "کێشەکە بەهۆی کارکردنی یەکێک لەلایەنەکانەوە بووە لە پارچە زەوییەکی گوندەکە و بەوهۆیەوە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە دروستبووە".
هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە گوندەکە بڵاوەیان پێکراوە و لەهەوڵی دەستگیرکردنی تەقەرەکاندان.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، هەر لەم مانگەدا لەشارى هەولێر چوار ئەندامی خێزانێک لەلایەن پزیشکێکەوە کوژران و لە سنووری شارۆچکەی سەیدساقیش گەنجێک پێنج ئەندامی خێزانەکەی کوشت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و شەوی رابردووش لە گوندی قەرەتەپەی سنووری پارێزگای کەرکوک، سێ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
22/03/2025