عێراق قەیرانی یاریگەی هەیە

یاریگاکانی عێراق ئامادەنین بۆ وەرزی نوێی پرۆلیگ. فۆتۆ: سۆشیال میدیا

دەستپێکی پرۆلیگی عێراقی نزیکبووەتەوە و هێشتا بە تەواوی یاریگەکان ئامادەنین، یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی چاودێری لالیگای ئیسپانی، بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لەسەر یاریگەکانی عێراق.

لیژنەی لالیگا رایگەیاند کە یاریگەکانی شاری بەغداد بە هیچ جۆرێک شیاوی یاریکردن نین، چیمەنی یاریگەکان و کورسی هاندەران لەو ئاستەدا نین کە لیژنەکە چاوەڕوانی دەکات، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی خولی نایابی عێراقی زیاتر دواکەوێت.

هاوکات لیژنەکە رێگەی داوە یارییەکانی تیپە بەغدادییەکان لە یاریگەکانی یانەکانی ئەمانەی بەغداد، کەرخ و سەناعە بەرێوەبچێت.

یاریکردن لەم یاریگەیانە بەهۆی باشی و بەرزی کوالێتی یاریگەکانەوە نییە، لیژنەکە رایگەیاندوە کە یاریگەکانی ئەم یانانە شیاوترینن لە نێو هەموو یاریگەکانی بەغداد، بەڵام هێشتا کێشەیان زۆرە و دەبێت چارەسەر بکرێت.

سبەینێ لیژنەکە گەشتێک بەنێو شارەکانی عێراق دەکەن و بریارە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکەن و لە یاریگەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و زاخۆ بکۆڵنەوە و پاشان بریار بدرێت کە ئایا یاریگەکان گونجاون یاخود نا.