بڕیارەکەی ترەمپ بۆ باج پشکی سەرجەم بازاڕە داراییەکانی دابەزاند

بڕیارەکەی ترەمپ بازاڕە داراییەکانی جیهانی هەژاند و گۆڕانکاریی زۆری لە نرخی کاڵا سەرەکییەکان دروستکردووە.
بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، 185 وڵاتی کردە ئامانج و باجی لە 10٪ تاوەکو 49٪ بەسەردا سەپاندن و راستەوخۆش پاش بڕیارەکە، بازاڕە داراییەکان گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هات، بەجۆرێک یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە 75 دۆلارەوە دابەزی بۆ 65 دۆلار .
ئەم پاشەکشەیە لە نرخی نەوت، لە ئەنجامی کەمبوونەوەی خواستی جیهانی بەدیهات، چونکە هەموو ئەو وڵاتانەی باج خراوەتە سەر هەناردەکانیان چیدیکە پێویستیان بە کڕینی وزەی زیاتر نییە لە کاتێکدا ناتوانن بەرهەمی زیاتر هەناردەی ئەمریکا بکەن وەک گەورەترین بازاڕ بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاو شمەکەکانیان.
هاوکات سیاسەتی باجی ئەمریکا نرخی زێڕی دابەزاند، بەجۆرێک نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە سێ هەزار و 165 دۆلارەوە دابەزی بۆ سێ هەزار و 37 دۆلار، بەمەش 128 دۆلار لە نرخی هەر ئۆنسەیەک دابەزی، ئەگەرچی جووڵەی بازاڕی زێڕ بە کورتخایەن دادەنرێت، بەڵام هۆکاری لاوازبوونەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی خواست لە پاش بڕیارەکە، چونکە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران پێش بڕیارەکان زۆرترین بڕیان لە کانزا زەردەکە کڕی.
سەپاندنی باجەکان تەنیا کاریگەریی لەسەر نەوت و زێر نەبوو، بەڵکو نرخی دۆلاریشی دابەزاند، چونکە ئەو وڵاتانە چیدیکە کاڵا و شمەک هەناردەی واشنتن ناکەن، یان بڕەکەی کەم دەکەنەوە و پێویستیان بە کڕینی دۆلار نابێت بۆ راییکردنی مامەڵە بازرگانییەکانیان، هەربۆیە خواستی سەر دراوە سەوزەکە دوو خاڵی بنچینەیی لە بەهاکەی کەمبوویەوە و هێزی دۆلار لە مامەڵەکاندا لە خاڵی 104 بۆ خاڵی 102 دابەزی
سەبارەت بە بازاڕە داراییەکانی جیهانیش لە ئەنجامی ئەو نادڵنیاییە بازرگانییەی دروستبووە ، هەموویان سوور دەچنەوە (دابەزینی بەهاکان شاشەی بۆرسەکان و بازاڕە داراییەکانی سوورکردووە)، بە بازاڕە داراییەکانی ئەمریکاشەوە سەرجەمیان پشکەکانیان دابەزین، بەجۆرێک پشکەکانی بازاڕی نەسدەق بەڕێژەی 8.5٪ و پشکەکانی بازاڕی دارایی داوجۆنس بەرێژەی 7.4٪ و پشکی بازاڕەکانی واڵ ستریت بەرێژەی 6٪ دابەزینیان تۆمارکرد.
دابەزینی بەهای پشکەکان دوو هێندە و سێ هێندە بوو بۆ ئەو وڵاتانەی باجیان بەسەردا سەپێنراوە و دەرچەکانی بازرگانییکردنیان لەگەڵ گەورەترین وڵاتی ئابووریی جیهان لێگیراوە و بە گوتەی شارەزایان دارایی جیهانیش کاریگەرییەکان بەردەوامدەبن.