دادگاى فیدراڵیى دادبینى سکاڵایەک لەبارەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکات
پارێزەرێکى کورد سکاڵایەکى لەسەر دۆسییەى نەوتى هەرێمى کوردستان تۆمارکردووە و داواى جێبەجێکردنى یاساى بودجەى عێراق دەکات.
رۆژى سێشەممە 22ـى نیسانى 2025 دادگاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک تایبەت بە نەوتى هەرێمى کوردستان دەکات، سکاڵاکە لەلایەن پارێزەرێکى کورد بەناوى ئازاد دۆسکى لەسەر هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و وەزیرانى نەوت و سامانە سروشتییەکان و وەزیرى دارایى عێراق تۆمار یکردووە.
سکاڵاکە، لەسەر ماددەکانی 1، 11، 13ـی بودجەى سێ ساڵەن کە داهاتەکانی تێدا خەمڵێندراوە و نرخى یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریکراوە، لەسەر ئەو بنەمایە، پشکى هەرێمى کوردستانیش لە کۆى ئەو داهاتانە دیاریکراوە کە لەنەوتەوە سەرچاوەى گرتووە.
لە سکاڵاکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایەی داهاتى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان دەبێت بخرێتەسەر هەژمارێکى سەربە وەزارەتى دارایى عێراق، بەگوێرەى هەموارى بڕگەى 12 لە یاساى بودجەى عێراق بۆ ساڵانى 2023 و 2024 و 2025 قەرەبووى هەرێمى کوردستان بکرێتەوە، داواکار لە سکاڵاکەیدا داوایکردووە، حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و وەزیرانى نەوت و سامانە سروشتییەکان و وەزیرى دارایى عێراق پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسای هەمورکراوی بودجە کە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا.
20/04/2025