لانە دیار؛ یەکەم کچە سینەماتۆگرافەر لە هەرێمی کوردستان و عێراق

لەماوەی رابردوودا فیلمێکی درامی درێژ بە ناوی "گلگامێش لە کوێیە" لە دەرهێنانی "کارزان کاردۆزی" کاری وێنەگرتنی بەکۆتاهات لە داهاتوودا لە سینەماکان نمایشدەکرێت، ئەوەی جێی سەرنجە بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق خانمێک بە ناوی "لانە دیار" وەک سینەماتۆگرافەر لە فیلمەکەدا کاری کردووە.

لانە دەربارەی ئەزموونی خۆی لەفیلمەکەدا بۆ کەناڵ8 گوتی : " کارزان کاردۆزی، پەیوەندی پێوەکردم پێشنیاریکرد وەک سینەماتۆگراف لەگەڵیدا کاربکەم، سەرەتا هەستم بە دڵەڕاوکێ کرد، چونکە هەرگیز ئەزموونی فیلمێکی درێژم وەک سینەماتۆگراف نەکردبوو، بەڵام ئەو زیاتر پاڵپشتیکردم و پێیگوتم: من دڵنیام تۆ دەتوانیت ئەم کارە بکەیت". بۆیە بڕیارمدا بیکەم و بە هاوکاری ستافێک توانیمان "گلگامێش لە کوێیە" دروستبکەین".

"لە دونیادا سینەماتۆگرافی ژن زۆرن بەڵام بە بەراورد بە پیاوان کەمترن، هەندێک هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ئەم کارە جگە لە پسپۆڕییەکەی، لە رووی جەستەییشەوە کارێکی سەختە، بەڵام لای خۆمان ئاستەنگێکی دیکەش هەیە بۆ خانمی سینەماتۆگرافەر، ئەویش نەبوونی پاڵپشتی خێزانی و ئازادی کۆمەڵایەتییە، چونکە رۆژانە وێنەگرتنی فیلمێک رەنگە 12 کاتژمێر بخایەنێت، هەندێک دیمەن پێویستە لە درەنگانی شەودا وێنە بگیرێت، ئەمەش هەندێجار دەبێتە رێگر لەبەردەمی خانماندا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە من هیچ کام لەو گرفتانەم نەبوو". لانە وادەڵێت.

بەگوێرەی داتاکانی "ئینتەرنێت موڤی داتابەیس" گلگامێش لە کوێیە؟ دەبێتە یەکەم فیلمی داستانیی درێژ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق خانمێک کاری وێنەگرتنی بۆ کردبێت، لانە لەم بارەیەوە دەڵێت: "نەمدەزانی من یەکەم کەسم ئەو کارە دەکەم، بەڵام حەزدەکەم کاری زیاتر بکەم و بەردەوام بم".

فیلمی "گێلگامێش لە کوێیە؟" لە ماوەی 33 رۆژدا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، لە پشت کامێرا ستافێکی هەشت کەسی کاریان کردووە، فیلمەکە لە چوارچێوەی ژانرای نوار و تاواندایە لە داستانی گلگامێشەوە سەرچاوەی گرتووە. وابڕیارە لە پایزی ئەمساڵدا لە سینەماکانی کوردستان نمایشبکرێت. لانە دیار یەکەم خانمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق توانیبێتی کاری سینەماتۆگرافی لە فیلمێکی درێژدا بکات.

لانە دیار، لە 15ی11ی2000لە سلێمانی لەدایکبووە، ساڵی 2021 بەشی فیلمسازی/کۆلێجی هونەری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە، وەک دەرهێنەر خاوەنی دوو کورتە فیلمە، جگە لەوەش لە چەندین فیلمدا بە رۆڵی جیاواز کاری کردووە، سینەماتۆگرافی کۆمەڵێک کورتە فیلم بووە و "گلگامێش لە کوێیە" یەکەمین فیلمی درێژە کە وەک سینەماتۆگرافەر کاری تێدا کردبێت، لە ئێستاشدا بیرۆکەی دروستکردنی فیلمێکی نوێی هەیە.