زیاتر لە 8 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا هەیە
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کورستان گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل، کە هەر هەزار کەسێک 178 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە میدیای فەرمی راگەیاندووە، لە ساڵی 2023دا ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە گەیشتووەتە هەشت ملیۆن و 96 هەزار و 75 ئۆتۆمبێل، ئەمەش بەرێژەی 1.4% بەراورد بەساڵی 2022 زیادیکردووە، چونکە تەنیا لە ساڵێکدا زیاتر لە 113 هەزار و 770 ئۆتۆمبێلی تایبەتی نوێ تۆمارکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2022 تەنیا حەوت ملیۆن و 982 هەزار و 304 ئۆتۆمبێلی تایبەت تۆمارکرابوون، ئەمەش یەک ملیۆن و 94 هەزار ئۆتۆمبێلی زیاترە بەراورد بە ساڵی 2019، کە تەنیا شەش ملیۆن و 888 هەزار و 210 ئۆتۆمبێلی تایبەت تۆمارکراون.
ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق تەنیا باس لە ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکات، ئەوە جگە لە ئۆتۆمبێلی كرێ و گواستنەوەی گشتی و بارهەڵگر و جۆرەکانی دیکەی وەک بێسەرەتا و تۆمارنەکراوەکان.
06/05/2025