خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا دەدرێتە دۆزینەوەیەک لە بچووکترین یەکەی گەردووندا

خەڵاتی نۆبڵی فیزیا بۆ ساڵی 2023 بەخشرایە هەریەک لە پیێر ئاگۆستینی، فێرێنک کرۆس و ئان لۆلیێر، لە بەرامبەر توێژینەوەیەکیان لەبارەی کورتترین شەپۆلی رووناکی کە تاوەکو ئێستا زانست تۆماریکردبێت.

ئەم شەپۆلە روناکییە تەنیا لە ناو ناوکەکاندا (ئەتۆم) روودەدات، ئەم توێژینەوەیە پێشەنگە لە بواری فیزیای زۆر خێرادا، هەروەها رووناکی خستووەتەسەر ئەو دیاردانەی لە پێوەرێکی کاتیی زۆر بچووکدا روودەدەن، ئەمەش رێگە دەدات وێنەی خێرا و ساتەکانی تێپەڕبوونی کارلێکە زۆر خێراکان لە گەردووندا بگرین.

براوەکان هەریەک لە پڕۆفیسۆر پیێر ئاگۆستینی، پرۆفیسۆری فیزیا لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ لە ئەمریکا و پڕۆفیسۆر فێرێنک کراوس، لە پەیمانگای ماکس پلانک بۆ رووناکیی کوانتەم لە ئەڵمانیا و پڕۆفیسۆر ئان لۆهیلیێر، لە زانکۆی لوند لە سوید.

ئەکادیمیای شاهانەی سویدی بۆ زانستەکان رایگەیاندووە، تاقیکردنەوەکانی سێ براوەی خەڵاتەکە "پەلسی رووناکی هێندە کورتیان بەرهەمهێناوە کە بە ئاتۆ چرکە دەپێورێت".

ئەم داهێنانە لەلایەن ئەکادیمیای شاهانەی سویدی بۆ زانستەوە پشتڕاستکراوەتەوە و لەم بارەیەشەوە دەڵێت "ئەم سێ زانایە داهێنانێکی زانستییان کردووە کە بە (ئاتۆ سێکند) دەژمێردرێت و داهێنانێکە لە بواری فیزیا و رووناکیدا". 

ئاتۆ سێکند پێوەرێکە لە بواری رووناکیدا بەکاردەهێنرێت لە فیزیادا، ئەم پێوەرە (قوێنتیلیۆن) یەکەی چرکەیەکە واتە 10 بە توانای 18، واتە نزیکەی هەزار ملیار یەکە لە چرکەیەک.

سەرەڕای ئەوەش، لێکۆڵینەوەکانیان کاریگەرییان لەسەر پەرەپێدانی سەرچاوەی وزەی کاراتر و دۆستی ژینگە هەیە. تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی کارلێکە کیمیاییەکان لەم پێوەرە کاتییانەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشکردنی پرۆسەکانی وەک کاتالێستەکان، کە وزە دەپارێزن و دەرهاویشتە گازییەکان کەمتر دەکاتەوە.

خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا یەکێکە لە پلەبەرزترین و دیارترین خەڵاتەکانی ئەو بوارە، مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە ناساندن و گەیاندنی داهێنانە دیارەکان بە شوێنی خۆیان و یارمەتیدانی مرۆڤایەتی لە باشتر تێگەیشتنی گەردوون. براوەکانی ئەمساڵیش لەو پۆڵێنکردنە جیاواز نەبوون، ئەوان دەرگایەکیان بە رووی مرۆڤایەتیدا کردەوە کە بە درێژایی مێژوو نهێنی بووە.