بەڵگەی دۆزینەوەی ژیان لەسەر مانگێکی زوحەل دۆزرایەوە

ئەنسیلادۆس، یەکێکە لە مانگەکانی هەسارەی زوحەل، دوایین دۆزینەوە و گەڕانی زانستی دەریخستووە شوینەواری ژیان و ئاو لەسەر ئەو مانگە هەن.

ئەم مانگەکە بە مانگە بەستووەکە دەناسرێت و بەهۆی ئەوەی زۆرینەی سەهۆڵە، رەنگی سپییە، تیرەی مانگەکە 250 کیلۆمەترە و بە دەوری زوحەل، شەشەم هەسارە لە کۆمەڵەی خۆر دەخوولێتەوە هاوشانی 20 مانگی دیکە.

دۆزینەوەی شوێنەوار بۆ هەبوونی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە تازە نییە، یەکەم دۆزینەوە لەلایەن درۆنی تایبەت بە ناسا (کاسینی)ەوە لەساڵی 2017 بوو کە بە دەوری مانگەکە چەند خوولێکی کرد و بە وێنە و ئاماری نوێوە گەڕایەوە بۆسەر زەوی.

وێنەکانی درۆنەکە دەری دەخەن کە جگەلە زەریایەک لە ژێر بەرگێکی بەفریندا لەسەر هەسارەکە، هەروەها کانزا و گازەکانی وەک کاربۆن و میسان دۆزراونەتەوە کە گرنگن بۆ ژیان.

لە نوێترین دۆزینەوەی زانستیدا کە لە لایەن زانایانی زیندەوەرزانیی بۆشایی ئاسمان و فیزیا لە زانکۆی هارڤەردی ئەمریکی ئەنجامدراوە، چوار کانزای نوێ لەسەر ئەو هەسارەیە دۆزراوەنەتەوە کە پێکهاتوون لە ئەستیتیلین، پرۆپەیلین، ئیسان و ساینایدی هایدرۆجین.

بە گوێرەی زانیارییەکانی جۆنا پیتەرس، لێکۆڵەری سەرەکی و سەرنووسەری لێکۆڵینەوەک، ئەم چوار کانزایە گرنگن بۆ پێکهێنانی خانە وردەکانی ژیان وەک ترشە ئەمینییەکان و شەکرە سەرەتاییەکان کە هەردووکیان گرنگن بۆ دروستکردنی سەرەتاییترین جۆرەکانی ژیان،

زانایان بۆچوونیان وایە پێویستە جارێکی دیکە بە کەرەستەی پێشکەوتووتر گەڕان لەسەر ئەو مانگە بکرێت بۆ دۆزینەوەی نوێ، چونکە لە قوڵایی ئەو زەریایەی سەر هەسارەکە پێشبینیدەکرێت ناوچەیەکی گەرم هەبێت کە وادەکات ئاوی زەریاکە بکوڵێنێت وەک چۆن لە قوڵایی زەریای هێمن لەسەر زەوی هەیە.