زانایەکی کورد خەڵاتێکی نێودەوڵەتی وەردەگرێت

ئیبراهیم کەریمی، پرۆفیسۆر و زانای کورد

ئیبراهیم کەریمی، پرۆفیسۆر و زانای کورد، مەدالیای یادەوەریی رەزەرفۆردی لە کۆمەڵگەی شاهانەی کەنەدا پێبەخشرا.

خەڵاتکردنی کەریمی لە پای دۆزینەوە و لێکۆڵینەوەکانی ئەم زانا کوردەوە دێت لە بوارە جیاجیاکانی فیزیادا لەوانە جوڵەی بازنەیی تەوژمی، رووناکییە کوانتەمەکان، بناغە کوانتەمەکان و کوانتەم ئۆپتیکس. 

لەبارەی خەڵاتەکەوە، کەریمی لە هەژماری کەسیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی "شەرەفمەندم بە وەرگرتنی مەدالیای یادەوەری رەزەرفۆرد، ئەم سەرکەوتنە نمایندەی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە پاڵپشتمبوون لە مامۆستاکانی دواناوەندیمەوە لە سەقز بۆ مامۆستاکانی زانکۆم لە ئێران، بەریتانیا، ئیتاڵیا و کەنەدا".

کەریمی خاوەنی زیاتر لە 200 لێکۆڵینەوە، گوتار، نامیلکە و پەرتووکی زانستیی چاپکراوە لە بوارەکانی فیزیا بە تایبەت بابەتەکانی پەیوەست بە جووڵە و رووناکییەوە.

ئیبراهیم کەریمی، لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ساڵی 1997 بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری فیزیا و بیرکاریدا لە زانکۆی ئیقبال لاهوری وەرگرتووە. پاشان بۆ گەڕانی زانستی چووەتە وڵاتەکانی بەریتانیا و ئیتالیا و ئێستا لە کەنەدا دەژی.

مەدالیای رەزەرفۆرد یەکێکە لە خەڵاتە دیارەکانی بواری فیزیا کە لە لایەن کۆمەڵگەی شاهانەی کەنەداوە دەبەخشرێتە لێکۆڵەران لە بواری فیزیادا و لە ساڵی 1980وە ئەم خەڵاتە دابەشدەکرێت.