منداڵانی سینگاپورە چۆن بوون بە پاڵەوانی بیرکاری جیهان؟

سینگاپورە لە چەند ساڵی رابردوودا لە زانستی بیرکاریدا ئەنجامی سەرسوڕهێنەری بەدەستهێناوە. فۆتۆ:AP

بۆ بەشێکی زۆری خوێندکاران زانستى بیرکارى وانەیەکی بێ چێژ و ماندووکەر دێتە پێش چاو، بەڵام لە سینگاپورە کاتێک باسی بیرکاری دەکەین دەڵێن چێژ و ئاسودەیی، لە چەند ساڵی رابردوودا ئەو وڵاتە لە زانستی بیرکاریدا ئەنجامی سەرسوڕهێنەری بەدەستهێناوە، هۆکاری ئەم سەرکەوتنە گەورەیەش دەگەڕێتەوە بۆ بایەخدانێکى زۆر بەم زانستە.

سینگاپورییەکان دەڵێن، هەموو بوارەکانی ژیان پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە زانستی بیرکارییەوە، هەر بۆیە ئەو وتەیە دەسەلمێنن بیرکاری بە مانای زمانی هەموو زانستەکانی تر.

سینگاپورە چۆن بوو بە وڵاتی بیرکاری؟

لە سینگاپورە هەر منداڵێک کاتێک دەچێتە خوێندنگە دەبێت یەکەم هەنگاوی لە زانستی بیرکارییەوە دەستپێبکات، وایلێهاتووە منداڵەکانیش لەکاتی پشوودا تاقیکردنەوەی بیرکاری دەخوێنن، خوێندکارانی خوار تەمەنی 15ساڵ، لە سینگاپورە ساڵی رابردوو لە پێشبرکێی وڵاتان لەکۆی 81 وڵاتی تردا توانییان 575 خاڵ کۆبکەنەوە و پلەی یەکەمی وڵاتان بەدەستبهێنن ئەمەش بوو بەجێگەی سەرنجی وڵاتانی جیهان.

 خۆشەویستی سینگاپورە بۆ بیرکاری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان کاتێک وەزیری پەروەردەی سینگاپورە، لەرێگەی پرۆگرامەکانی خوێندنەوە شارەزابوونی بیرکاری کرد بە کولتوور لە قوتابخانە حکومییەکاندا و پلانێکی جێبەجێکرد، کە شێوازی فێرکردنەکەی لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر تەنها لەبیرکردن بێت، سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە خوێندکاران بە قووڵی لەوە تێبگەن کە فێری دەبن.

سینگاپورە بیرکاری چۆن فێری فێرخوازان دەکات؟

زانستی بیرکاری ئەگەرچی لەچەند بەشێک پێکدێت وەکو داتاشراو و تەواوکاری و ئامار و جەبر و ماترێکس و ئەندازەیی، هەروەها چەند وانەیەکی تایبەت بە زانستی فیزیا و ئامار و شیکارکردنی ئەندازیاریی بەڵام لە سینگاپورە جیاوازە.

لە خوێندنگەکانى ئەو وڵاتە بیرۆکەی ناوەندی بنەمای میتۆدی بیرکاری جێگیرکراوە کە لە دوو بەش پێکدێت. یەکێکیان رێبازی بنەڕەتی و بینراو و ئەبستراکت (CPA) و ئەوی دیکەیان شارەزایی و لێهاتووییە.

​​رێبازی CPA هەوڵدەدات بە شێوەیەکی تێگەیشتو و کۆنکرێتی شیکارییەکان بخاتەروو و دواتر دەچێتە ناو هەنگاوەکانی داهاتوو و پرسە ئاڵۆزەکانەوە.

بۆ نموونە وێنەی گوڵێک، مرۆڤێک، چۆلەکەیەک یان هەر شتێک هەبێت کە ئاسانکارییان بۆ بکات لە بابەتەکە تێبگەن و لەکێشەکە تێبگەن بە پێکەوە دادەنرێن و نەک تەنها بە ژماردنی ژمارەکان.

دوای ئەوەی فێرخواز لە نموونەکە تێگەیشت ئینجا دەستدەکات بە شیکاری پرسیارەکان، ئەم شێوازە پشت بە لەبەرکردن نابەستێت بەڵکو هەمیشە لە بۆچوونی فێرخوازدا دەمێنێتەوە بە مەرجێک لە نموونەکە تێبگات.

ئەزموونی سەرکەوتنی سینگاپورە لەبواری بیرکاریدا لە وڵاتانی تردا جێبەجێ دەکرێت؟

ئەو ئەزموونەی سینگاپورە لەم چەند ساڵەی رابردوودا لەبواری بیرکاریدا جێبەجێیکردووە بووەتە سەرنجی بەشێک لەوڵاتان بەتایبەتی  لە بەریتانیا و کەنەدا و ئەمریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتیكی ترى ئەوروپا.

لەو بارەیەوە د.ئاریا لیندۆرف، یاریدەدەری پرۆفیسۆری پەروەردە لە زانکۆی ئۆکسفۆر ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکەوتنی میتۆدی بیرکاری سینگاپورە پەیوەندییەکی زۆری بە کولتووری پەروەردەیی سینگاپورە و پاشخانی کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە هەیە.

دەشڵێت: پێموانییە ئەوەندە ئاسان بێت میتۆدی هاوبەشی وڵاتێک وەربگرین و لە وڵاتانی دیکەدا جێبەجێی بکەین.

 د.ئاریا لیندۆرف ئاماژەی بەوەشکردووە "سینگاپورە مێژوویەکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی هەیە و وڵاتێکی زۆر بچووکە. "بیرۆکەی گۆڕینی سیستەمی پەروەردە لە وڵاتێکی وەک سینگاپورە بەراستی جیاوازە لە وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئاستی رۆشنبیری تاکی سینگاپورە بۆ ماتماتیک جیاوازترە لە بۆچوونی تاکی وڵاتانی تر چونکە خەڵکی سینگاپورە بۆچوونیان وایە هەموو گرفتێک لەرێگەی بیرکارییەوە چارەسەردەکرێت و هەرگیز ئەو پرسیارە ناکەن "فێربوونی بیرکاری سودی چییە؟".

سەرچاوە.BBC . DER SPIEGEL