سکیزۆفرینیا چییە و نیشانەکانی چین؟
سکیزۆفرینیا، پەشێوییەکی درێژخایەنی دەروونییە، کاردەکاتە سەر شێوازی بیرکردنەوە، رەفتار، هەست و پەیوەندییەکان. کەسانی توشبوو بەم پەشێوییە، لەوانەیە وا دەربکەوون دابڕاون لە راستی، بەئاسانی ناگونجێن لەگەڵ دەوروبەر، شوێنی کار و خوێندن. جگە لەمانە، لەوانەیە کەسی تووشبوو خەیاڵ و راستی لەیەک جیا نەکاتەوە و هەندێک وێنە، دەنگ و بۆن هەست پێبکات کە لەراستیدا بوونیان نییە.
نیشانەکان چین؟
سکیزۆفرینیا سێ قۆناغی هەیە، قۆناغی نیشانە سەرەتاییەکان، قۆناغی چالاک، قۆناغی درێژخایەن.
قۆناغی نیشانە سەرەتاییەکان: لەوانەیە چەند رۆژێک، چەند هەفتەیەک یان چەند ساڵێک بخایەنێت، نیشانەکان لەم قۆناغەدا بریتیینلە:
- گۆشەگیری و دابڕان لە دەوروبەر
- کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان
- گۆڕانی مەزاج
- گرفتی خەو
قۆناغی چالاک: لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک نیشان دەردەکەوون، کە لە کەسی ئاساییدا نین:
- باوەڕی هەڵە و چەقبەستوو: کەسی تووشبوو کۆمەڵێک بیروباوەڕی هەیە کە هەڵەن، بەڵام هەرچەند بەڵگەی پێ نیشان بدەیت، باوەڕەکانی ناگۆڕێن. بۆنموونە بۆچوونی وایە یەکێک دەیەوێت بیکوژێت یان کەسێکی بەناوبانگ عاشقی بووە و وێڵە بەدوایدا، بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەک هەبێت بۆ ئەم بیرانە.
- هەستکردن بە شتی ناڕاستی: کەسەکە هەندێک شت دەبیستێت، دەبینێت، بۆندەکات یان هەستیپێدەکات، کە لە راستیدا بوونیان نییە. بۆنموونە گوێی لێیە کەسێک قسەی بۆ دەکات و ئاڕاستەی دەکات بۆ ئەنجامدانی هەندێک کار یان هەستدەکات مێروو لەناو قاچ و دەستیدا هەیە.
- بەتەختەبوون: لەم دۆخەدا، کەسەکە لە قسەکردن دەوەستێت، لەوانەیە وەکو تەختەیەک جێگیر ببێت و بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ جووڵەیەک نەکات.
- رەفتاری نامۆ: کەسەکە بە شێوەیەکی نامۆ رەفتار دەکات و هەندێکجار دەگاتە ئاستی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر کەسانی دەوروبەری.
- گۆڕانی ئاخاوتن: کەسەکە ناتوانێت وەک پێشتر بە شێوازێکی رێک بدوێت و هەندێکجار قسەکانی تێکەڵن و مانا نابەخشن.
قۆناغی درێژخایەن: لەم قۆناغەدا، کەسەکە کۆمەڵێک نیشانەی قۆناغی چالاکی دەمێنێت، وەکو:
- نەمانی هەست
- دابڕان و دوورکەوتنەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
- نەبوونی وزە و توانا
- کەم قسەکردن
- نەبوونی هەیەجان بۆ چالاکییەکان
- چێژنەبینین لە ژیان و چالاکییەکان
- گرنگینەدان بە پاکوخاوێنی و جەستەی خۆی
جگە لەمانە، کەسی تووشبوو لەوانەیە کۆمەڵێک نیشانەی دیکەی لێ دەربکەوێت:-
- قسەتێکەڵکردن: لە ماوەیەکی کەمدا باسی چەند شتێک دەکات کە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکترەوە نییە.
- نەمانی توانای بڕیاردان
- نووسینی زۆری بێواتا
- لاوازبوونی یادگە و لەبیرچوونی شتەکان
- دووبارەکردنەوەی جووڵەکان
- لاوازبوونی توانای تێگەیشتن و لێکدانەوە
- هەستنەکردن بە بوونی هەموو ئەو نیشانانەی باسکران: کەسەکە نکۆڵی لەوە دەکات نەخۆشە و بۆچوونی وایە هەموو بیروباوەڕ و ئەزموونەکانی راستین.
ئایا کەسانی تووشبوو بە سکیزۆفرینیا مەترسیدارن؟
بەشێك لە تووشبووان، لە هەندێک کاتدا لەوانەیە توندڕەو بن، ئەمە لەژێر دەستی خۆیاندا نییە و کاریگەریی پەشێوییەکەیە.
بەگشتی لە فیلم و کتێبەکاندا، وا وێنای کەسانی تووشبوو کراوە، کە هەموویان مەترسیدار و تاوانبارن، ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەی لەناو خەڵکیدا دروستکردووە. زۆرینەی کەسانی تووشبوو نەک هەر توندڕەو و مەترسیدار نین، بەڵکو هێمنن، حەزیان لە دوورکەوتنەوە و تەنیاییە.
هۆکار چییە؟
تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ سکیزۆفرینیا، بەڵام توێژەران کۆمەڵێک شتیان دیاریکردووە کە لەوانەیە پەیوەندییان بە پەشێوییەکەوە هەبێت: جێنیتیک، هاوسەنگیی ماددە کیمیاییەکانی ناو مێشک، پێکهاتەی نائاسایی مێشک و ژینگە و دەوروبەر.
چارەسەری سکیزۆفرینیا چییە؟
ئەم پەشێوییە چارەسەرێکی یەکجاری نییە، بەڵام چەند رێگەیەک هەن بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان. زۆرجار ئەم رێگەیانە یارمەتیی کەسەکە دەدەن ژیانێکی ئاسایی بژی.
- دەرمان: چەندین جۆری دەرمان هەن یارمەتیی چارەسەرکردنی نیشانەکان دەدەن. پزیشک، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی چارەخوازەکە، بڕیار دەدات کام جۆری دەرمانی بۆ بنووسێت.
- چارەسەر بە تەزووی کارەبا: لەڕێگەی ئەم تەزووەوە هەوڵ دەدرێت هاوسەنگی بگێڕدرێتەوە بۆ ماددە کیمیاییەکانی ناو مێشک.
19/10/2023