ئێران لە شەش مانگدا بەبەهاى 24 ملیار دۆلار کاڵاى هەناردەکردووە

یەکێک لە بازاڕەکانى تارانى پایتەختى ئێران فۆتۆ - AP
یەکێک لە بازاڕەکانى تارانى پایتەختى ئێران فۆتۆ - AP

رێکخراوی گومرگی و پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بە بەهای 24 ملیار و 144 ملیۆن دۆلار کاڵا و شمەکی نانەوتیی هەناردەکردووە.

رێکخراوەکە دەشڵێت، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بە بەهای 120 ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبیل هەناردەکراوە، هاوکات 200 ملیۆن دۆلاریش کەرەستەی ناوماڵى هەناردەکردووە.

بەگوێرەى ئامارەکانى رێکخراوی گومرگی و پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران، بەراوورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022، هەناردەکردنی نانەوتى بە رێژەی 29% زیادیکردووە، بەڵام بەهاکەی بە رێژەی 2.6% کەمیکردووە.

لە ئامارەکەدا ئەوەش هاتووە، گەورەترین پشکی ئەم هەناردەکردنە، ماددەى پترۆ کیمیایی و گازی کۆندێنسەیت بووە، کە نزیکەی 52%ى کۆی هەناردەی نانەوتی پێکدەهێنن.

رێکخراوەکە دەشڵێت، پیشەسازیی کانزاکان بە رێژەی 27% لە پلەی دووەمدان.