رێککەوتنێک کۆتایی بەمانگرتنی 41 رۆژەی کرێکاران دەهێنێت

ڕێککەوتنەکە ئاماژە بە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات بە ڕێژەی 25%

رێککەوتنێک کۆتایی بە مانگرتنی 41 رۆژەی کرێکارانی کارگەکانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا دەهێنێت و سەرۆکی ئەو وڵاتەش پێشوازی لە رێککەوتنەکە دەکات و بە مێژوویی ناویدەبات.

یەكێتیی کرێکارانی ئەمریکا رایگەیاند ؛ گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلی فۆرددا، ئەمەش دوای بەردەوامبوون لە مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیاکە بەئامانجی بەرزکردنەوەی مووچەکانیان، کە کاریگەری لەسەر کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆرس و ستێلانتیسیش کرد و سەرجەمیان پێکەوە دەستیان لەکارەکانیان هەڵگرت.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و لە راگەیەندراوێکدا گوتی : " ستایشی یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێل و فۆرد دەکەم بۆ گەیشتنیان بە رێکكەوتنێکی کاتی مێژوویی، دوای دانوستانێکی سەخت بە مەبەستی باشترکردنی کارەکان لەنێوان بەرهەمهێنەران و کرێکاراندا".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی یەکێتیی کرێکاران، رێککەوتنەکە ئاماژە بە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات بە رێژەی 25%.

هێشتا رێککەوتنەکە لەلایەن کرێکارانەوە پەسەند نەکراوە و بڕیارە دەنگدانی لەسەر بکەن.

لەو بارەیەوە جیم فارلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فۆرد لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد: "بەزووترین کات دەستدەکەینەوە بەکارەکانمان و گەراندنەوەی 20 هەزار کارمەندی فۆرد بۆ سەر کارەکانیان".

بۆ ماوەی 41 رۆژە کرێکارانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە کارگەکانی فۆرد، جەنەڕاڵ مۆتۆرس و ستێلانتیس لەپێناوی بەرزکردنەوەی مووچەکانیان مانیانگرتووە و دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرتووە.