ئەمازۆن یەکەم کۆمەڵە مانگی دەستکرد دەنێرێتە خولگەی زەوی

کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکی بەسەرکەوتوویی یەکەم کۆمەڵە مانگی دەستکردی خۆی بەناوی پرۆجێکت کویپەر بۆ بەدەستهێنانی ئینتەرنێتێکی باشتر خستە ناو خولگەی زەوییەوە.

راگەیەندراوەکەی ئەمازۆن دوای چەندین ساڵ پلاندانان و ئامادەکاریی ورد لەلایەن کۆمپانیاکەوە دێت بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی جیهان و ئەو وڵاتانەی خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە، بەڵام بە دیاریکراوی ژمارەی ئەو مانگە دەستکردانەی لەم شەپۆلە سەرەتاییەدا هەڵدراون ئاشکرا نەکردووە، تەنیا ئاماژە بەوەکردووە، ئەم هەنگاوە نیشاندەری توانا و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیی کۆمپانیاکەیە لەو رووەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئەم دەستپێکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەمازۆن، بەڵام پرۆژەی کویپەر هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە، ئەمە جگە لەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی دەبێتەوە کە بریتینلە بەربەستی رێگەپێدان و بڵاوکردنەوەی مانگی دەستکرد، کێبڕکێی لەگەڵ دابینکەرانی دیکەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی LEO. بەڵام هێشتا ئەم هەنگاوە دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەمازۆن مکوڕە لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بۆ دابینکردنی هێڵێکی ئینتەرنێتی جیهانیی گشتگیر لە رێگەی پرۆژەی کویپەرەوە.

پرۆژەکەی ئەمازۆن رووبەڕووی کێبڕکێیەکی سەخت دەبێتەوە لەلایەن رکابەرەکانی لە کۆمپانیاکانی وەک ستارلینک، وەن وێب و سپەیس ئێکس لە بواری پیشەسازیی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرددا. بەڵام کۆمپانیاکە سوود لە سەرچاوە بەرفراوانەکانی و تێڕوانینە جیهانییەکەی دەبینێت، هەروەها ئەمازۆن خاوەنی داهاتێکی بەرفراوانە و لە دۆخێکی باشدایە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە و بەرەوپێشبردنی پرۆژەی کویپەر، کە لەوانەیە ببێتە هێزێکی سەرەکی لە گەیاندنی پەیوەندیی ئینتەرنێت لە بۆشایی ئاسمانەوە.

پرۆژەی کویپەر دەستپێشخەرییەکی گەورەی ئەمازۆنە بۆ بڵاوکردنەوەی وەشانی ئینتەرنێت لە رێگەی تەکنەلۆجیای مانگی دەستکردی خولگەی زەوی نزمەوە (LEO) بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا و بەردەست لە سەرانسەری جیهاندا و لە ساڵی 2019 ئەم تەکنەلۆجیایە کەوتوەتەکار.

ئەمازۆن کۆمپانیایەکی گەورەی بازرگانیی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجیای جیهانییە و ساڵی 1994 لەلایەن جێف بەیزۆسەوە دامەزراوە، سەرەتا کۆمپانیاکە تایبەت بوو بە فرۆشتنی کتێب لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، بەڵام بە خێرایی پەرەیسەند بۆ کۆمەڵێک بەرهەم و خزمەتگوزاریی بەرفراوان. کۆمپانیاکە پێکدێت لە چەند خزمەتگوزارییەک وەک پلاتفۆرمی بەرفراوانی بازرگانی ئەلیکترۆنی ئەمازۆن، خزمەتگوزاریی وێبی ئەو کۆمپانیایە (Amazon Web Services)، ئەمازۆن رایم بۆ سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان، هەروەها داهێنانەکانی وەک Kindle وایکردووە ببێتە یەکێک لە کۆمپانیا کاریگەرەکانی جیهان.