زاخۆ بەدوای یەکەم بردنەوەیدا دەگەڕێت

هاندەرانی یانەی زاخۆ (وێنە: پەڕەی فەرمی یانەی زاخۆ)

ئەمشەو کاتژمێر 9:30 یانەی زاخۆ لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە نێو یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی تەڵەبە دەبێتەوە.

زاخۆ لە کۆی سێ یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، یانەکە دوو یاریی یەکسان بووە و یارییەکیش دۆڕاوە کە لە گەڕی یەکەمی خولەکە بەرامبەر یانەی قووە جەوییە دۆڕا، زاخۆ بە کۆکردنەوەی تەنیا دوو خاڵ، لە پلەی 18یەمی ریزبەندییەکەدایە.

سوورپۆشەکانی بادینان خاوەنی هاندەرێکی سەرسەخت و بەهێزن، کە لە سەرجەم یارییەکاندا پاڵپشتی یانەکەیان دەکەن، ئەمشەو هاندەران چاوەڕێی بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی یانەکەیان دەکەن و تەنیا بە بردنەوە رازی دەبن.

یانەی تەڵەبەش لە کۆی سێ یاریدا یارییەک براوە بووە و دوو یاریش دۆراوە، بە کۆکردنەوەی سێ خاڵ یانەکە لە پلەی 15ی ریزبەندیی خولی عێراقییە.

یاریی پێشووی یانەی زاخۆ بەرامبەر دهۆک بوو، لەو یارییەدا هەردوو یانە بە خاڵێک گەڕانەوە ماڵەوە، بەڵام پێکدادان و توندوتیژی کەوتە نێوان هاندەرانی هەردوولا و چەندین هاندەر برینداربوون.