لە خولی عێراقدا هەولێر یارییەکی سەختی لەپێشە

یاریزانانی یانەی هەولێر (وێنە: پەڕەی فەرمی یانەی هەولێر)

ئەمڕۆ سێ یاریی گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامدەدرێن، نەورۆز لە سلێمانی بە کۆڵێک کێشەوە میوانداریی مینا دەکات، یانەکانی دهۆک و هەولێریش دەچنە نەجەف و بەغداد، هەریەکەیان تاقیکردنەوەیەکی قورسییان هەیە.

کاتژمێر 7:00 بەکاتی هەولێر، یانەی دهۆک لە یاریگای نەجەفی نێودەوڵەتی دەبێتە میوانی نەفتی وەسەت، دهۆک لەم وەرزەدا یەکێکە لە باشترینەکانی خولی عێراق، دوو یاریی بردووەتەوە و بەرامبەر بە زادۆ یەکسانبووە، لە یاریی رابردوودا هاندەرانیان لەگەڵ هاندەرانی یانەی زاخۆ پێکداهەڵپژان و پێکدادانەکە 30 برینداری لێکەوتەوە، تاقیکردنەوەی ئەمڕۆشیان لە نەجەفە بەرامبەر نەفتی وەسەف، کە لەم وەرزەدا زۆر خراپ دەرکەوتووە، دوو یاریی دۆڕاندووە و بەرامبەر بە کەربەلا یەکسانبووە.

لە یارییەکی دیکەدا، کاتژمێر 9:30 یانەی هەولێر لە یاریگای زەورا بەرامبەر بە شورتە یارییدەکات، یانەکەی قەڵاومنارە لەم وەرزەدا هەرسێ ئەنجامەکەی تۆمارکردووە، بردنەوەیەک، دۆڕاندنێک، یەکسانبوونێک، لە دوایین گەڕی خولەکەشدا بەگۆڵێکی بێوەڵام لە یانەی کارەبای بردەوە.

لەبەرامبەردا، یانەی شورتە، یەکێکە لە بەهێزترینەکانی عێراق، لەدوایین یارییدا بەرامبەر مینا یارییەکەی تەواو نەکردووە و لەرووی جەستەییەوە باشتر لە هەولێر ئامادەکاری بۆ ئەم یارییە کردووە.

شورتە تاوەکو ئێستا شەش خاڵی کۆکردووەتەوە و چوارەمی ریزبەندیی خولی عێراقە، هەولێریش بە چوار خاڵەوە لە پلەی هەشتەمدایە.