ناسا پێشوازی لە دوورترین پەیامی گەردوونی دەکات

تەکنەلۆجیاکە یەکەمجار لە لایەن ناساوە دروستکراوە و بۆ یەکەمجاریشە بەکاردێت. فۆتۆ: AP

لە دەستپێشخەرییەکی زانستیدا، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) دوورترین پەیامی گەردوونی لە رێگەی تیشکێکی لەیزەرەوە لە وێستگەی (سایک)ەوە پێگەیشت.

سایک، وێستگەیەکی گەڕانی ناسایە کە بەدوای شوێنی کۆنترین و دوورترین ئەسترۆیددا دەگەڕێت لە گەردووندا، ئەم پەیامەی لە دووری 16 ملیۆن کیلۆمەترەوە کە 40 هێندە دووری نێوان زەوی و مانگە، نێردراوە و لە لایەن تێلێسکۆبی (هالێ)ەوە پێشوازیلێکراوە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا.

دۆزینەوەی شوێنی یەکەم ئەسترۆیدی کانزایی بۆ زانایانی گەردوون گرنگە بۆ دۆزینەوەی مێژووی دروستبوونی هەسارەکان چونکە ئەسترۆیدە کانزاییەکان پێکدێن لە کانزاکانی ئاسن و قورقوشم کە دوانن لە کانزا بنەچەییەکانی دروستبوونی هەسارەکە.

دی ئێس ئۆ سی، کورتکراوەی تەکنەلۆجیای گواستنەوەی پەیامی روناکیی لە قوڵایی بۆشایی ئاسمانەوەیە، ئەم تەکنەلۆجیایە یەکەمجار لە لایەن ناساوە دروستکراوە و بۆ یەکەمجاریشە بەکاردێت.

ئەمە یەکەمجار نییە ئامرازی پەیوەندیی لەیزەری لە بۆشایی ئاسماندا بەکاربهێنرێت، ناسا جارێکی دیکە پەیامێکی بە لەیزەر لە بۆشایی ئاسمانەوە ناردووە لە گەشتی ئەرتیمیسەوە لە دووری 35 هەزار کیلۆمەترەوە، بەڵام تایبەتمەندیی ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە لەوەدایە کە دەتوانێت لە قوڵایی بۆشایی ئاسماندا کاربکات.