یوتیوب یاریی ئەلیکترۆنی بۆ پلاتفۆرمەکەی زیاددەکات

یوتیوب پلەیەبڵس
یوتیوب پلەیەبڵس

چیدیکە یوتیوب بەتەنیا پلاتفۆرمیک نییە بۆ سەیرکردنی ڤیدیۆ، بەڵکو ئێستا دەتوانیت چێژ لە ژمارەیەک یاریی ئەلیکترۆنیش وەربگریت.

'پلەیەبڵس' بەشێکی نوێی یوتیوبە، زیاتر لە 30 یاریی ئەلیکترۆنی تێدایە، دەتوانیت راستەوخۆ لەناو ئەپی یوتیوب لەسەر مۆبایل یان لەسەر دیسکتۆپ یاری پێبکەیت، بەبێ ئەوەی پێویست بە دابەزاندنی یارییەکان بکات.

یارییە ئەلیکترۆنییەکانی ئەنگری بێردس شۆوداون، برەین ئاوت، دەیلی سۆلیتێر و یارییەکانی ئارکەید بەشێکن لەو 37 یارییەی پلەیەبڵس پێشکەشی دەکات.

لە ئێستادا یارییەکان تەنها بۆ بەشداربووانی پریمیەمی یوتیوب بەردەستن، کە نرخی لە 13 دۆلار و 99 سەنتەوە دەستپێدەکات.

 شارەزایان دەستپێشخەرییەکانی یوتیوب لە زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە، بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، تۆڕەکە دەیەوێت بەشداربوانی پریمیەمی بهێڵێتەوە و هەمان هەنگاوی کۆمپانیاکانی دیکەی وەکو گوگڵ، مێتا و ئەمازۆن دەگرێتەبەر.