یاری وۆرلد ئۆف وارکرافت دەگەڕێتەوە چین

بڕیارە لە هاوینی ئەمساڵدا چەندین یاری بەناوبانگی وەک "وۆرلد ئۆف وارکرافت و ستار کرافت" و چەندینی دیکە لە وڵاتى چین بخرێنە بازاڕەکان و مۆڵەتیان پێبدرێت لەلایەن حکومەتى ئەو وڵاتەوە.

کۆمپانیای "نێت ئیز" تایبەت بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان، بڕیاریداوە لە هاوینی ئەمساڵدا جارێکى دیکە یارییەکان بەردەستبخات.

ساڵی رابردوو کۆمپانیای نێت ئیز و ئاکتیڤژن بلیزارد، گەشەپێدەر و بەرهەمهێنەرى یارییە ئەلیکترۆنییەکان، بەهۆی ناکۆکی نێوانیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی خاوەندارێتییان بۆ یارییەکان کۆتاییان بەهاوبەشیی 14 ساڵەیان هێنا.

بەگوێرەی یاساکانی حکومەتی چین هەموو یارییەکان پێویستیان بە بڵاوکەرەوەیەکی ناوخۆیی و مۆڵەتی حکومەت هەیە.

جیابوونەوەی ئەم دوو کۆمپانیایە ناڕەزایی لێکەوتەوە و ملیۆنان بەکارهێنەری چینی دەستڕاگەیشتنیان بە یارییەکە لەدەستدا.

بەڵام لە ساڵی رابردوو دوای ئەوەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کۆمپانیای ئاکتیڤژن بلیزاردی بەبڕی 69 ملیار دۆلار کرییەوە، گرژییەکان کەمیکرد و لە پاڵ یاری وارکرافت بڕیارە ئۆڤەر وۆچ و دیابلۆ و چەند یارییەکی دیکە بۆ گەیمەرە چینییەکان بەردەست بن.

فیل سپێنسەر، بەڕێوەبەریی جێبەجێکاریی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت گەیمینگ دەڵێت "گەڕاندنەوەی یارییە ئەفسانەییەکانی بلیزارد بۆ یاریزانان لە چین دەبێتە رێگایەک بۆ بەدەستهێنانی نازناوی نوێی بۆ ئێکس بۆکس، ئەمەش وادەکات زیاتر پابەندبین بە دابینکردنی یاریی نوێ و زیاتر، بۆ یاریزانان لە سەرانسەری جیهاندا."