وەزیری گواستنەوەی عێراق گفتوگۆكانی لەگەڵ شاندێكی هەرێمی كوردستان لەبارەی (رێگەی گەشەپێدان) ئاشكرا دەكات

رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق- فۆتۆ: ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)

رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی لەگەڵ شاندێكی حكومەتی عێراق لەبارەی (رێگەی گەشەپێدان) ئاشكرا دەكات و رایگەیاند، كۆبوونەوەی دیكە لەبارەی پڕۆژەكەوە ئەنجام دەدرێت و سەرەتای ساڵی نوێ شاندێكی وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

وەزیری گواستنەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی گوت : "شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد، سەردانی بەغدادیان كرد و بە ئامادەبوونی زوهرە بجاری سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق و لیژنە هونەرییەكانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و هەرێم و كۆمپانیایەكی راوێژكاریی ئیتاڵی، گفتوگۆی پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان)مان كرد".

گوتیشی "لەكۆبوونەوەكەدا بەشێوەیەكی گشتی لەبارەی پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) و ریرەوەكەیی و ئەو پارێزگایانەی كە پیایدا دەڕوات، گفتوگۆمان كرد".

روونیشیكردەوە "گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژەكە ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەو مەبەستە سەرەتای ساڵی نوێ شاندێكی وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵ سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان)لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا دەبەستێتەوە و پڕۆژەكە لە فاوەوە دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆ زاخۆ، تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و لە سەرەتای ساڵی 2024 دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت و لە ساڵی 2028 کۆتایی دێت.

لێدوانی رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی لەگەڵ شاندێكی حكومەتی عێراق لەبارەی (رێگەی گەشەپێدان)