ناوبژیوانان بۆ هەر یارییەک پاداشتیان چەندە؟

سایمۆن هوپەر، ناوبژیوانی پرێمەرلیگ. فۆتۆ: AP

پیشەی ناوبژیوانی تۆپی پێ بەیەکێک لە سەخترین ئەرکەکانی جیهان دادەنرێن، بیهێنە پێش چاوی خۆت بۆ ماوەی 90 خولەکی تەواو لەنێو یاریگەیەکی پڕ لەهاندەردا بیت و بەبەردەوامی رووبەڕووی لێدوانە جۆراوجۆرەکان و دروشمە جیاوازەکان ببیتەوە، بەڵام ئەو لایەنەی کەمترین روونکردنەوەی لەبارەوە دەدرێت پاداشتە داراییەکانی ناوبژیوانانە، کە لەبەرامبەر ئەرکەکەیان وەریدەگرن، لێرەدا بە دیناری عێراقی تەواوی بڕەکان ئاشکرادەکەین.

ناوبژیوانانی لالیگا، لەسەر ئاستی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا خاوەنی بەرزترین مووچەن، کە بۆ هەر یارییەک بڕی پێنج ملیۆن و 923 هەزار دینار وەردەگرن، تێکڕای داهاتی ساڵێکیان بە 352 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، کەمترین مووچەش ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ وەریدەگرن، کە بۆ هەر یارییەک یەک ملیۆن و 550 هەزار دینارە و داهاتی ساڵانەکەیان دەگاتە 155 ملیۆن دینار.

لە بۆندسلیگا، ناوبژیوانانی تۆپی پێ بەرامبەر بەڕێوەبردنی هەر یارییەکی خولەکە پێنج ملیۆن و 75 هەزار دینار وەردەگرن، لە سێریا ئەی بۆ هەر یارییەک بڕی چوار ملیۆن و 794 هەزار دینار پاداشتی ناوبژیوانانە، تایبەت بە ناوبژیوانانی لیگ وەنی فەرەنساش، بۆ هەر یارییەک چوار ملیۆن دیناریان وەک مووچە بۆ دیارییکراوە.

ئەو ناوبژیوانە نێودەوڵەتیانەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەبەن، مووچەکانیان جێگیرە و جیاوازی نییە، کە بۆ هەر یارییەک بڕی نۆ ملیۆن و 875 هەزار دینار وەردەگرن.