وەرزشوانێکی دەوڵەمەند کە ژیانی پڕە لە ئابڕووچوون

تایگەر وودز، ئەفسانەی گۆڵف. فۆتۆ:AP

ناوی راستەقینەی ئێڵدریک وودزە و بە "تایگەر وودز" ناسراوە، بە یەکێکە لە سەرکەوتووترین و بەناوبانگترین یاریزانانی گۆڵف دادەنرێت، گەورەیی و ناوبانگی گەیشتووەتە رادەیەک، کە ئەستەمە یاریزانێکی دیکە لە بوارەکەدا پێیبگات، تەنانەت بەشێک هەوادارانی ئەم یارییە، بەهۆی ناوی تایگەرەوە گۆڵف-یان خۆشدەوێت، وودز ژمارەی سەرکەوتنەکانی بێشوومارە و داهاتەکانی ئەوەندە زۆرن، لە هیچ بوارێکی وەرزشدا هاوتای نییە، ناوی ئەم کەسایەتییە لە ساڵی 2019 لەنێو 20 دەوڵەمەندەکەی ئەمریکادا هاتووە.

بەهۆی لێهاتوویی و پیشەگەرانەی لە گۆڵفد-دا، تایگەر چەندین پاڵەوانییەتی بردووەتەوە، سەرکەوتنەکانی لە 100 زیاترن و زیاتر کە 80 بردنەوەشیان لە "پی جی تۆر"دا بووە، کە گەورەترین پێشبڕکێکانی بواری گۆڵفە، خاوەنی چوار ناسناوی گراند سلامە و زیاتر لە 40 پاڵەوانییەتی لە گەشتە ئەوروپییەکاندا دەستەبەرکردووە، تەنانەت لە ئاسیا و ئوسترالیا خاوەنی زیاتر لە 16 پاڵەوانییەتیی نافەرمی و 24 پاڵەوانییەتی ناپیشەییە.

وودز لە 12ی کانوونی دووەمی 1975 لە شاری سایپەرس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە، باوکی جەنەڕالێکی بەڕەچەڵەک ئەفریقی بووە لە سوپای ئەمریکا، دایکیشی بە ڕەچەڵەک ئاسیاییە، بۆیە ڕووخساری کەسایەتییەکە کۆکراوەیەکە لە ئەفریقا و ئاسیا.

تایگەر وودز لەگەڵ باوک و دایکی.

تایگەر پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە دوو ساڵ، لەلایەن باوکییەوە هاندراوە بۆ یاریکردن لە بواری گۆڵف و هەر بەخێرایی سەلماندوویەتی کە پەنجەکانی هەڵگری بەهرەن، چواردەوورەکەی دەگێڕنەوە، کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا بەشداریی لە یەکەمین پاڵەوانییەتی لەسەر ئاستی منداڵان کردووە لە شاری سایپەرس، بەڵام ئەوەی کردوویەتی منداڵانە نەبووە و هەمووان پێی سەرسامبوون، لە یاریی نۆ چاڵدا توانیویەتی 48 تۆپ بخاتە نێو چاڵەکانەوە.

تایگەر، یان پڵنگ

کاتێک وودز منداڵبوو، باوکی نازناوی "تایگەر"ی بۆ هەڵبژارد و هەر بەو ناوەش بانگیدەکرد تاوەکو دابڕا بەسەریدا، هۆکارەکەش ئەوەبوو کە باوکی تایگەر هاوڕێیەکی بەو ناوە هەبووە و نازناوەکەی پڵنگ بووە، ئەویش ویستوویەتی وەک وەفایەک بۆ ئەو هاوڕێیەی، ناوی تایگەر بلکێنێت بەناوی کوڕەکەیەوە.

تایگەر لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بووە یاریزانێکی لێهاتوو تا ئەو ڕادەیەی وەک دیاردەیەک لەلایەن کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بانگهێشتدەکرا و بە سەرسامییەوە باسیان لە تواناکانی دەکرد، لە هەمان کاتدا ئەفسانەکە لەسەرەتاکانی ژیانیدا بوو، خوێندنی ئامادەیی لە وێسترین ئانهایم تەواوکرد و لە ساڵی 1996شدا بووە یاریزانێکی پیشەگەر.

لەماوەی ژیانکردنی لە زانکۆی ستانفۆرد، وودز چەندین ناسناوی گۆڵفی لە ئاستی "ئاماتەر" بەدەستهێنا، بەڵام لە 1996وە چووە نێو کەژاوەی پڕۆفیشناڵبوونەوە.

لە تەمەنی 21 ساڵیدا تایگەر ناوی دەرکرد، دوای ئەوەی لە ساڵی 1997 توانی لە شاری ئۆگستا پاڵەوانییەتی ماستەرزی ئەمریکا بباتەوە، ریکۆردەکەی ژمارە 270 بوو، لەو کاتەدا گەنجترین پاڵەوان و یەکەمین یاریزانی ئەفریقی ئەمریکی بوو بتوانێت ناسناوێک بباتەوە، ئەوەی ئەو کردی لە کات و ساتی خۆیدا ناودەبرا بە شۆڕشی وەرزشیی و رووداوی مێژوویی، هەر لەو ساڵەشدا بەشداریی پاڵەوانییەتی کراوەی بەریتانیای کرد، ساڵانی دواتریشی پڕاوپڕبوو لە دەستکەوت و سەرکەوتن، چوار ناسناوی رایەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەمریکا، سێ ناسناوی گەورەی لەنموونەی، کراوەی ئەمریکا، کراوەی پاڵەوانان، پاڵەوانییەتی ماستەرزی ئەمریکانی چنییەوە.

هەژموونی تایگەر بەردەوامبوو تاوەکو ئەوکاتەی ناسناوی پاڵەوانییەتی "بی ئێم دەبلیو"، ناسناوی گەڕی کۆتایی رایەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکانیشی بەدەستهێنا، کار گەیشتە ئەوەی لەلایەن لیژنەکانی بوارەکەوە وەک باشترینی ساڵ دەستنیشانبکرێت، هەروەها خەڵاتی "ئاڕنۆڵد پاڵمەر ئەوارد"ی پێدرا و ئەو خەڵاتەش پارەی بەسەر خۆی و خێزانەکەیدا باراند.

تایگەر ووودز لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەی.

ژیانی تایبەتی و ئابڕوچوونەکان

لە سەرەتاکانی دەرکەوتنییەوە، تایگەر وودز ژیانێکی هاوسەنگ و ئاسایی هەبوو، لە تشرینی یەکەمی 2004 هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا کرد کە بەدرێژایی ژیانی خۆشیویستووە بەناوی ئالین نۆردگرین.

لە ساڵی 2006 رووبەڕووی ئەو کارەساتەبووەوە کە لە منداڵییەوە لێیدەترسا، باوکی لەدوای جەنگێکی قورس لەگەڵ شێرپەنجەی پرۆستات، کۆچی دواییکرد، لەوکاتەدا وودز لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نووسی، "باوکم هاوڕێی نزیک و نموونەی ژیانم بوو، لەناخی دڵەوە بیری دەکەم."

لەدایکبوونی سام ئەلێکسزی کچی و پاشان چارلی کوڕی، ئازاری لەدەستدانی باوکییان لەبیربردەوە و گەڕایەوە نێو بواری گۆڵف و بەردەوامبوو لە بردنەوەی یەک لەدوای یەکی پاڵەوانییەتییەکان.

لە مانگی تشرینی دووەمی 2009 تایگەر لە فلۆریدا دووچاری رووداوێکی هاتووچۆ بوو، نزیکبوو گیان لەدەستبدات، بەڵام پزیشکەکان فریایکەوتن و لە مردن رزگاریانکرد، ئەم رووداوەش بووە سەرەداوێک بۆ ئاشکرابوونی سەدان ئابڕوچوونی سێکسی و دەستدرێژی ئەفسانەکە، کە کۆتاییان بە خۆشییەکانی ژیانی تایگەر و تەنانەت خێزانەکەشی هێنا.

لێرەوە وودز ژیانی گۆڕا، دانی بەوەدا نا کە دووچاری نەخۆشیی زیادەڕەوی سێکسی بووە، پاشان لە ساڵی 2017 لەلایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسەوە بە سەرخۆشی دەستگیرکرا، دواتر ناوبراو دانی بەوەشدا نا کە ئالوودەی خواردنەوە کحولییەکانە و ناوی خۆی لە سەنتەرێکی گەڕانەوە لە ئالوودەبوون ناونووسکرد.

دەوڵەمەندترینی هەموو وەرزشەکان

تایگەر هەمیشە بەوە ناسراوە کە جلوبەرگی سوور لەبەردەکات، ئەمەش بەهۆی دایکییەوەبووە، کە پێیوابووە رەنگی سوور هێز دەبەخشێت و بەختی باش بۆ هەر کەسێک دەهێنێت کە ئەو رەنگە دەپۆشێت.

هەروەها تایگەر بە حەز و خولیای بۆ نووسین ناسراوە و لە ساڵی 1997 تاوەکو 2011 ستوونێکی تایبەتی لەبارەی وەرزشی گۆڵفەوە بۆ گۆڤاری "گۆڵف دایجێست" دەنووسی، ساڵی 2001 کتێبێکی لەژێر ناوی "چۆن یاریی گۆڵف بکەم" بڵاوکردەوە، کە پڕفرۆشترین پەڕتووکی سەردەمی خۆیەتی و ملیۆنێک و 500 هەزار کۆپی لێفرۆشرا.

بە بەرچاوگرتنی خۆشەویستی وودز بۆ گۆڵف و ئەو هەموو سەرکەوتنەی بەدەستیهێناوە، بووەتە پڕداهاترین و دەوڵەمدندترین وەرزشکاری بوارەکە و هەموو بوارەکانی دیکەی وەرزش، زۆرینەی ئامارەکان دەریانخستووە کە داهاتی ساڵانەی گەیشتووەتە 100 ملیۆن دۆلار و سەروەتەکەشی نزیکی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکییە، بەوەش بووەتە یەکێک لە 20 دەوڵەمەندەکەی ئەمریکا، هەروەها دووەم سەرمایەدارترین کەسایەتی ئەفریقی ئەمریکییە لەدوای ئۆپرا وێنفری، هەروەها یەکەمین وەرزشکار کە سامانەکەی دەگاتە زیاتر لە ملیارێک دۆلار.