ئەو ئەفسانەیەی بەهای بە ژمارە (8) بەخشی و مردنەکەی جیهانی هەژاند

وێنەی کۆبی براینت لەسەر یەکێک لەسەر دیواری یەکێک لە شەقامەکان. فۆتۆ:AP لۆس ئەنجلس

کۆبی برایەنت، ئەو ئەفسانە بەوەفایەی کە تاوەکو کۆتایی کاروانی وەرزشی خۆی، لەگەڵ یانەی لۆس ئەنجلس لەیکەرز مایەوە و توانی پێنج ناسناوی "ئێن بی ئەی" بەدەستبهێنێت، بەو شێوەیەش ناوی چووە ریزی باشترین یاریزانەکانی مێژووی باسکەی ئەمریکا.

کۆبی، ئەو یاریزانە بوو کە لە ساڵی 2014 توانی مایکڵ جۆردان تێپەڕێنێت و ببێت بە یەکێک لەو یاریزانانەی زۆرترین خاڵیان لە مێژووی "ئێن بی ئەی" تۆمارکردووە.

لە ساڵی 2016، کۆبی بریاری وازهێنانی یەکجاری لە یاریی باسکە دا، لە دوایین یارییشیدا، توانی 60 خاڵ تۆماربکات و بە جوانترین شێوە کۆتایی بە کاروانە ناوەزەکەی هێنا.

لە ساڵی 2020، دەبوایە کۆبی لەگەڵ کچە تەمەن 13 ساڵانەکەی بچن بۆ شارێکی دیکە و راهێنان بە چەند یاریزانێکی ئەکادیمیای باسکە بکات، بەڵام ئەو هەلیکۆپتەرە نەگەیشتە جێی خۆی و بە شێوازێکی تراژیدی خۆی و کچەکەی گیانیان لەدەستدا.

سەرەتای ژیانی کۆبی

کۆبی، لە 23ی ئابی ساڵی 1978 لە شاری فلادلفیای ویلایەتی پێنسلڤانیا لەدایکبووە، دایکی کۆبی شاری کۆبی لە ژاپۆنی بەلاوە خۆش بوو، هەربۆیە کوڕەکەی بەناوی ئەو شارەوە ناوناوە، باوکی کۆبیش یاریزانی "ئێن بی ئەی" بوو، ناوی ''جۆو جیلیبین برایەنت'' بوو، لە ساڵی 1984 بریاردەدات کۆتایی بە کاروانی "ئێن بی ئەی"ی" بهێنێت و بچێتە یانەیەکی ئیتاڵییەوە، ئەوەش وادەکات، کۆبی سەردەمی منداڵی لە ئیتاڵیا بەسەرببات.

کۆبی لە ئیتاڵیا سەرقاڵی وەرزش دەبێت، سەرەتا ئارەزووی تۆپی پێ دەکات و دەیەوێت ببێت بە یاریزانی تۆپی پێ، بەڵام دواتر تواناکانی خۆی لە تۆپی باسکە دەبینێتەوە و بۆی دەردەکەوێت کە لە باسکەدا باشترە وەک لە تۆپی پێ.

کۆبی براینت، ئەستێرەی باسکەی ئەمریکا و لۆس ئەنجلس لەیکەرز

لە ساڵی 1991، خێزانی برایەنت بریاردەدەن بگەڕێنەوە بۆ فیلادلفیا، لەوێش کۆبی دەچێتە قوتابخانەی "لۆوەر ماریۆن"ی بنەڕەتی و پەیوەندی بە تیپی باسکەی ئەو قوتابخانەیەوە دەکات، کە بەسەرکردایەتی کۆبی چوار ناسناوی ویلایەتی پێنسلڤانیا لەسەریەک دەبەنەوە.

ئاستی بەرزی کۆبی و بەردەوام درەوشانەوەی لە یارییەکاندا، وادەکات سەرنجی میدیاکان بەلای خۆیدا راکبکێشێت و چاوی چاودێرەکانی "ئێن بی ئەی"ی" لەسەر بێت.

درافتی ساڵی 1996 و دەستپێکی کاروانێکی مێژوویی

سەرەڕای ئەوەی کۆبی نمرەیەکی بەرزی ‌بەدەستهێنا، بەڵام بریاریدا نەچێتە زانکۆ و درێژەبدات بە ئەنجامدانی یاریی باسکە، لە درافتی ساڵی 1996، یانەی شارلۆت هۆرنێتس کۆبی برایەنت هەڵدەبژێرێت و پاشان بەیاریزانێکی دیکە لەگەڵ لۆس ئەنجلێس لەیکەرز ئاڵوگۆڕی پێدەکەن، کۆبی تاوەکو کۆتایی کاروانی وەرزشیی لەگەڵ لەیکەرز دەمێنێتەوە.

لەیەکەم وەرزیدا لەگەڵ لەیکەرز یاری زۆر ئەنجام نادات، بەڵام لە وەرزی دووەمدا، کۆبی دەدرەوشێتەوە و دەبێت بە لاوترین یاریزانی مێژووی "ئێن بی ئەی" کە بتوانێت ناوی لە پێکها‌تەی باشترینەکانی "ئێن بی ئەی" بێت، کە ئەوکات تەمەنی تەنیا 19 ساڵ بوو، لەوە بە دواوە، کۆبی توانی لەگەڵ شاکیل ئۆنێل دووانەیەکی بەهێز درووستبکەن و سێ ناسناوی لەسەریەکی "ئێن بی ئەی"  لەنێوان ساڵانی 2000-2002 بەدەستبهێنن، ئەوەش وایکرد کۆبی زیاتر ناوداربێت و بەو جۆرەش توانی چەند گرێبەستێکی ماددی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیاکانی "ئەدیداس و سپرایت" واژۆبکات، کە دواتر ملیۆنان دۆلاری بۆ یاریزانەکە دەستەبەرکرد.

دوای ئەوەی شاکیل ئۆنێل بریاریدا یانەی لەیکەرز بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانەی مەیامی هیتەوە بکات، ئاستی لەیکەرز وەکو پێشتر نەما، بەڵام کۆبی مایەوە و بەردەوامبوو لە پێشکەشکردنی نمایشە ناوازەکانی، لەساڵی 2006، کۆبی توانی 81 خاڵ بەرامبەر شارلۆت هۆرنێتس تۆماربکات، بەو جۆرەش بوو بە دووەم یاریزان کە زۆرترین خاڵی لەیەک یارییدا تۆمارکردبێت.

لە ساڵی 2008، کۆبی بۆیەکەمجار لە مێژووی خۆیدا توانی ببێت بە باشترین یاریزانی "ئێن بی ئەی" و یانەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی خولەکە، بەڵام لە یاریی کۆتاییدا سەرکەوتوو نەبوون لەوەی جارێکی دیکە ناسناوی "ئێن بی ئەی" بگەڕێننەوە بۆ یانەی لەیکەرز.

کۆبی براینت و جیجی کچی، کە هەردووکیان بە "بلاک مامبا" ناسرابوون، بەر لەدەستپێکی یارییەکی "ئێن بی ئەی"

ساڵی دواتر و لە وەرزی 2008-2009ی "ئێن بی ئەی"، کۆبی توانی سەرکردایەتی لەیکەرز بکات و ناسناوی خولی یانە پیشەگەرەکانی گەڕاندەوە بۆ شاری لۆس ئەنجلس، ساڵی دوای ئەوەش، توانی جارێکی دیکە ببێتەوە بە پاڵەوان و پێنجەم ناسناوی "ئێن بی ئەی" لە کاروانی وەرزشی خۆیدا بردەوە، هاوکات، توانی ببێت بەباشترین یاریزانی یاریی کۆتایی ئەو ساڵە، کۆبی ساڵانی 2008 و 2012، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریکا دوو مەدالیای زێڕینی ئۆلۆمپیادی بەدەستهێنا.

لە ساڵی 2013، کۆبی دووچاری پێکانێکی سەخت دەبێت و ماسولکەی پاژنەی پێی دەپچڕێت، ئەمەش وادەکات ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.

کۆبی، ساڵی 2014 گەڕایەوە و توانی ئاستە نایابەکەی و نمایشە سەرنجراکێشەکانی درێژەپێبدات، هەر لەو ساڵەشدا توانی ریکۆردەکەی مایکڵ جۆردان بشکێنێت و ببێت بە سێیەم یاریزان، کە زۆرترین خاڵی لە مێژووی "ئێن بی ئەی"دا تۆمارکردبێت، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ئەو وەرزە، کۆبی جارێکی دیکە دووچاری هەمان پێکان دەبێتەوە.

وازهێنان لە تۆپی باسکە

سەرەڕای ئەوەی کۆبی توانی لە وەرزی 2015-2016 بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن، بەڵام پێکانەکەی کاریگەریی لەسەر ئاستی ئەستێرەکەی لەیکەرز درووستکردبوو.

لە تشرینی دووەمی ساڵی 2015 کۆبی رایگەیاند، کە ساڵی 2016 بە یەکجاری ماڵئاوایی لە باسکە دەکات و دوایین وەرزی خۆی لەگەڵ لەیکەرز بەڕێدەکات، گوتیشی: ''ئەم وەرزە دوایین وەرزم دەبێت، چونکە چیدیکە جەستەم رێگەم نادات بەردەوامبم، دڵم دەزانێت چۆن مامەڵە بکات و مێشكم دەزانێت چۆن بجولێم، بەڵام جەستەم بەگوێیان ناکات''.

لە نیسانی ساڵی 2016، کۆبی دوایین یاریی بەرامبەر یانەی یوتا جاز ئەنجامدا،  یاریگە پڕبوو لە هاندەر، کۆبی توانی سەرکردایەتی لەیکەرز بکات بۆ بردنەوە و لەو یارییەدا 60 خاڵی تۆمارکرد، کە بەشێکی زۆری هاندەران پێیانوایە، جوانترین ماڵئاوایی لە مێژووی "ئێن بی ئەی"دا، کۆبی خاوەنییەتی.

کۆبی بە سادەیی ماڵئاوایی نەکرد، بەڵکو ریکۆردێکی ناوازەی بەدوای خۆیدا بەجێهێشت، کە رەنگە قورس بێت نەوەکانی دوای خۆی بتوانن هەمان کار ئەنجامبدەن، 17 جار ناوی لە پێکهاتەی "ئۆڵ ستارز"دا بووە، پێنج ناسناوی "ئێن بی ئەی"، دووجار باشترین یاریزانی وەرز، جارێک باشترین یاریزانی یاریی فاینەڵ و دوو مەدالیای زێڕینی ئۆلۆمپیاد، ئەمە ئەو ریکۆرد و ژمارانەیە کە کۆبی بەدوای خۆیدا بەجێیهێشت.

پاشماوەی هێڵیکۆپتەرەکەی کۆبی براینت، کە خۆی و کچەکەی و چەند هاوڕێیەکیان تیایدا گیانیان لەدەستدا.

کۆچی دوایی کۆبی

لە کانونی دووەمی ساڵی 2020، کۆبی لەگەڵ کچەکەی ''جیجی'' بە هەلیکۆپتەر دەچوون بۆ شارێکی دیکە، کە بریاربوو کۆبی لەوێ راهێنان بەهەندێک لاوی بەهرەمەند بکات، کە لە ئەکادیمیاکەی خۆیدا قوتابی بوون، بەڵام هەلیکۆپتەرەکە کێشەی تێکەوت و کەوتخوارەوە، بەوەش کۆبی و جیجی، راستەوخۆ گیانیان لەدەستدا و کۆتایی بە ژیانی ئەفسانەیەکی تۆپی باسکە هات.

ئەم رووداوە کارەساتبارەش تاکە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە نەبوو لەو ساڵەدا، بەڵکو سەرۆکی یانەی لیستەر سیتیش بە هەمانشێوە لەنێو بارەگای یانە ئینگلزیییەکە فڕۆکەکەی کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا.