ڤێرشتاپن.. خێرایی و ئارامییەکی خۆرسک و سێجار پاڵەوانی جیهان

ماکس ڤێرشتاپن، شۆفێری تیمی ڕێدبوڵ لەگەڵ هەوادارانی تیمی فێرراری. فۆتۆ:AP

لە تەمەنی دوو ساڵییەوە مۆتۆری چوار سپێری لێدەخوڕێت، لە تەمەنی چوار ساڵیدا باوکی دەیخاتە نێو ئوتۆمبێلێکی کاریتینگەوە، داوای لێدەکات پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، لەماوەیەکی کورتیشدا بۆی دەردەکەوێت کە ئەو منداڵە بچووکە هەڵگری "دی ئێن ئەی" خێزانەکەیەتی، دەزانێت کەی پێیەکانی لەسەر بەنزین دادەنێت و لەکوێدا ئوتۆمبێلەکەی خاودەکاتەوە.

ماکس ڤێرشتاپن، نەوەی باوکێکی هۆڵەندی و دایکێکی بەلجیکییە، لە دایکبووی ساڵی 1997 و شۆفێری ناوداری بواری فۆرمولا 1 و پاڵەوانی خێراییە، ئەو لاوە بەهرەدارە گەنجەیە، کە یاسایەکی فۆرمولا 1ی گۆڕی و خێزان و هاوڕێکانی لەهەمووان باشتر دەزانن، چ شۆفێرێکە، تەنانەت شارەزایانی وەک دەیڤد کۆڵتهارد و ماک فادین شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن، کە زۆر لەوە زیاتری پێدەکرێت و لە دۆکیومێنتاری "بیۆند زە ئۆردینەری" باس لەوە دەکەن، کە ئەم شۆفێرە لەوانەی پێش خۆی ناچێت، مێشکی هێندە ئارام و خێرایە، مەحاڵە شۆفێرانی دیکەی ئەم سەردەمە بتوانن بە بیرکردنەوە و تەکنیک لێیببەنەوە.

یوس ڤێرشتاپن، باوکی پاڵەوانەکەی فۆرمولا 1، دەڵێت، " ماکس تەمەنی چوار ساڵ و نیو بوو کاتێک وەک یەکەم هەنگاو خستمە نێو ئوتۆمبێلێکی کارتینگەوە، هیچ ترس و نیگەرانییەکم نەبوو، چونکە کاتێک تەمەنی دوو ساڵ بوو پاسکیلی دوو تایی و مۆتۆری چوار سپێری لێدەخووڕی، خێرایی شتێکی نوێ نەبوو بۆی.".

ماکس ڤێرشتاپن، لەگەڵ یوس ڤێرشتاپنی باوکی لەنێو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کارتینگ

ماکس لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە پێشبڕکێکانی خێرایی کردووە و میراتەکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، کە لەپێشوودا شۆفێرێکی کارامەی بواری فۆرمولا 1 بووە، جگە لە تایبەتمەندیی سەرکردایەتی، شۆفێرەکەی ڕێدبوڵ چەندین خەسڵەتی دیکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، چونکە لە منداڵییەوە بە باوکی کاریگەربووە و باوک  وکوڕ پێکەوە بۆ ماوەی 10 ساڵ، ساڵانە 80 تا 100 هەزار کیلۆمەتریان بڕیوە، هەموو ئەنجامەکانیشیان بەجدی وەرگرتووە.

ماکس دەڵێت، "لە یەکێک لە پێشبڕکێکانی پاڵەوانێتی جیهانی لە ساڵی 2012دا تووشی ڕووداوێک بووم و پاڵەوانێتییەکەم لەدەستدا، زۆر دڵتەنگ بووم، بەڵام باوکم لە من زیاتر دڵتەنگ و بێهیوا بوو، ناچاربووم ئوتۆمبێلە تیكشکاوەکەم لە لای ڕێڕەوەکە هەڵبگرم، باوکم پێیگووتم، کە یارمەتیت نادەم و دەبێت بەس خۆم ئەوە بکەم، من ویستم قسەی لەگەڵ بکەم لەسەر ئەوەی ڕوویداوە، بەڵام ئەو نەیدەویست قسەم لەگەڵ بکات، گەیشتینە بەنزینخانەیەک و پێیگووتم، لێرە بڕۆ، نامەوێت چیتر قسەت لەگەڵ بکەم.".

خۆشبەختانە ئەمڕۆ باوک و کوڕەکەی پێدەکەنن کە ئەو ڕووداوەیان بیر دێتەوە، یۆس بە پێکەنینەوە دەڵێت، "دەمزانی دایکی چەند کیلۆمەترێک لە دوامانەوەیە ، لە ڕاستیدا بە تەنیا لەوێ بەجێمنەدەهێشت."

گۆڕینی یاسایەک لەپێناو لاوێکی نەناسراو

جێگای سەرنجە ئەو شۆفێرە هۆڵەندییە هێشتا مۆڵەتی شۆفێری نەبووە کاتێک دەستی بە پێشبڕکێکانی فۆرمۆلا 1 کردووە، بەو پێیەی تەمەنی تەنها 17 ساڵ بووە.

ماکس دەڵێت، "ڕاهێنەرانی بواری شۆفێری زۆر توند بوون، کڵاو و تیشێرتی فۆرمۆلا یەکم زۆربوو، گووتم پێویست بکات بەرتیل بە کەسێک بدەم، بەڵام ئەوان زۆر توندبوون و ڕەتییانکردەوە بەرتیل وەربگرن."

 لە راستیدا ئەوەی روویدا لەبەرژەوەندی بوارەکە و شۆفێرەکەش بوو، بووە هۆی ئەوەی یاسایەکی نوێ بخرێتە ناو فۆرمۆلا 1وە کە بە "یاسای ڤێرستاپن" ناسراوە، بەپێی ئەم یاسایە، پێویستە شۆفێران تەمەنیان لە 18 ساڵ وەکەمتر نەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری پێشبڕکێکان بکەن.

پشتێنی سەلامەتی نابەستێت

ماکس بە سروشتێکی ئارام و لەسەرخۆ ناسراوە، جا چ لەسەر ڕێڕەو بێت، یان لە دەرەوەی ڕێڕەو.

 شرۆڤەکاری تەلەفزیۆنی و براوەی 13 پێشبڕکێی فۆرمۆلا 1، دەیڤید کوڵتارد، ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، "ماکس جارێک باسی لەوە کردم،کە مەرج نییە پشتێنی سەلامەتی بە توندی ببەستێت، متمانەی بە خۆی هەیە و حەزی لە ئاسوودەیە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا و ئەمەش جێگەی سەرنجە، چونکە من بەپێچەوانەی ئەوەوە، خۆم بە ئوتۆمبێلەکەمەوە دەبەستەوە و هەندێجار وا هەستمدەکرد بەیەکەوە نووساوین."

هاوڕێی پێشووی ماکس لە یانەی "ڕێدبوڵ ڕەیسینگ"، ئەلێکس ئەلبۆن ئاماژە بەوەدەکات کە ماکس متمانەی زۆری بە خۆی هەیە، بەڵام خۆبەزلزان نییە.

ئەلبۆن دەڵێت، "کاتێک هەبوو من ئامادەکاریم دەکرد بۆ تاقیکردنەوە فەرمییەکان و پێداچوونەوەم بە ژمارەکاندا دەکرد، لەکاتێکدا ماکس یاری فیفای دەکرد، یان یاریی کاڵ ئۆف دیوتی، سەرسامم بە کەسایەتییەکەی، خۆزگە دەمتوانی وەک ئەو ئارام بم."

خوێنی لە لووتی باوکی هێنا

ماکس ئەو ساتەی بیردێتەوە کە بۆ یەکەمجار لە ئیسپانیا پێشبڕکێی فۆرمولا 1ی لە تەمەنی 18 ساڵیدا بردەوە، دەڵێت، "پێنج خول پێش کۆتاییهاتنی پێشبڕکێکە هەستم بە گرژبوونی ماسولکەکانم کرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەم لە هێڵی کۆتایی، حەماسەت و ئاستی تەرکیزم زیادی دەکرد، شێتانە بوو، فشارەکان هێندە زۆر و قورس بوون، باوکم تووشی خوێنبەربوون بوو لە لووتیدا، تەنانەت ناتوانم بەبیر خۆمی بهێنمەوە کە گەیشتمە کۆتایی چۆن تەماشای پشتخۆم کرد."

سەرکەوتنەکانی ماکس بابەتی سوتفە نییە، بینەر و هاندەری فۆرمولا 1 و تەنانەت شۆفێرە رکابەرەکانیشی ئەو راستییە دەزانن، کە دەماغی ماکس جیاوازە و هیچ شتێک کاری تێناکات، تەنانەت راهێنەرەکانی کە دەبینن لە سوڕاندنەوەکاندا گاڵتەوگەپ و سوعبەتیان لەگەڵدەکات، بەخۆیان دەڵێن، چۆن دەبێت لە خولەک و نیوێکدا 15 جار بسوڕێتەوە و هێشتا گاڵتەوگەپ بکات، ئەوە چ مێشکێکە لە چەند چرکەیەکدا دەیان و سەدان بڕیاردەدات.

ئەلبۆنی هاوڕێی دەڵێت، "کاریگەرییە دەرەکییەکان زۆربەی شۆفێران فریودەدەن، تەرکیز و سەرنجمان کەمدەکەنەوە تەنیا ڤێرشتاپن نەبێت، دەتوانێت بە تەواوی خۆی لەو کاریگەرییانە داببڕێت، نە ڕەشەبا و نە باوبۆران کاریتێناکەن."

ماکس ڤێرشتاپن بە منداڵی، لەگەڵ مایکڵ شوماخەری ئەفسانەی ئەڵمانیا و تیمی فێراری.
ماکس ڤێرشتاپن بە منداڵی، لەگەڵ مایکڵ شوماخەری ئەفسانەی ئەڵمانیا و تیمی فێراری.

دەستکەوتەکانی ماکس

ماکس لە 2005وە وەک شۆفێری ئاستی مینی جونیۆر دەرکەوتووە، پلەی یەکەم و دووەمیشی بەدەستهێناوە، یۆس ڤێرشتاپنی باوکی لەم قۆناغانەی ژیانیدا تاکە راهێنەری بووە و پاشان ئاستەکانی "کەی ئێف 3 و کەی ئێف 2 و کەی ئێف 1، پاشان فۆرمولاکانی سێ و دووی تێپەڕاندووە و لە 2015 یەکەم چانسی خۆی لەگەڵ تیمی تۆرۆ رۆسۆ تاقیکردووەتەوە.

تۆرۆ رۆسۆ دەستەخوشکی ڕێدبوڵە و دواتر بابەتەکە بەرەوپێشچوون بە خۆیەوە دەبینێت و لە 2016 دەبێتە شۆفێری یەدەگی رێدبوڵ.

2017 پلەی شەشەم بەدەستدەهێنێت، 2018 دەبێتە چوارەم، 2019 دەبێتە سێیەم، 2020 هەر سێیەم دەبێت، لە 2021وە یەکەمی جیهانە تاوەکو ئێستا کە سێ ساڵی تەواوە.

هێشتا یوس ڤێرشتاپنی باوک لەگەڵ کوڕەکەی وەک راهێنەر و سەرپەرشتیارێک کاردەکات، سەروەتەکەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار، تەنانەت ئەگەر کۆمپانیای نایکی ئەمریکی نەبووایە،م ئێستا ماکس خاوەنی براندێکی تایبەتی پێڵاو بوو بەناوی "ماکس 1"، بەڵام دوو ساڵە ئەو کۆمپانیایە بە پاساوی لێکچوونی ناوەکان ئەو پرۆژەیەی شۆفێرە هۆڵەندییەکەی راگرتووە و رێگە نادات کاری لەسەر بکات.

ئەوەی دەمێنێتەوە، داهاتووی ڤێرشتاپنی کوڕە کە بە ئەرێنی لێی دەڕوانرێت و چاوەروانیش دەکرێت، لە ساڵانی داهاتوودا بە هەمانشێوە بەردەوامبێت لە یەکەمبوون، تاوەکو شوماخەری ئەفسانە و لیویس هامیڵتۆپنی شۆفێری ئامادەبوو و ئەفسانەی مێرسیدس هاوتا دەکاتەوە.