ئەو گەنجە هەژارەی بووە پادشای ''ئێن بی ئەی''

لیبرۆن جەیمس، ئەفسانەی باسکەی ئێن بی ئەی و یانەی لەیکەرز. فۆتۆ: AP

لیبرۆن جەیمس، پادشای باسکەی ئەمریکا، ئەو یاریزانەی کە وەرز بە وەرز ریکۆردی نوێ دەشکێنێت و ئێستاش کە تەمەنی گەیشتووەتە 39 ساڵ، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی نمایشە سەرنجراکێشەکانی.

لیبرۆن، لە ساڵی 1984 لە ویلایەتی ئۆهایۆ، لە دایکێکی تەمەن 16 ساڵ لە دایکبووە، تەمەنی منداڵی بە هەژاری بەسەربردووە، بەڵام لێهاتوویی و توانای جەستەیی لیبرۆن، وایکرد هەر لە قوتابخانەوە سەرنجی  چاودێرەکانی  ئێن بی ئەی رابکێشێت.

لیبرۆن جەیمس لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ دایکی. فۆتۆ: GOOGLE

سەرەتای درەوشانەوی لیبرۆن، لە قوتابخانەی ''ڤینسینت سەینت ماری''  بوو، ساڵی 1999 پەیوەندی کرد بە تیپی ئەو قوتابخانەیە و توانیشی لە کۆی چوار ساڵی مانەوەی لەو قوتابخانەیە، 2657 پۆینت و 892 ریباوند و 523 ئاسیست تۆماربکات.

لیبرۆن سەرکردایەتی تیپی قوتابخانەکەی کرد و توانی ناسناوی پاڵەوانییەتی قوتابخانەکانی ویلایەتی ئۆهایۆ بەدەستبهێنێت، ئەوەش وایکرد ناوی لیبرۆن جەیمس لە رۆژنامەکانی ئەمریکا بڵاوبێتەوە.

درافتی ساڵی 2003 و ناساندنی ئەفسانەیەک

بەهۆی ریکۆرد و ئاستە نایابەکەیەوە، یانەی کلیڤلاند کاڤەلێرز، لە درافتی ئێن بی ئەیی ساڵی 2003، بریاریدا لیبرۆن بگوازنەوە یانەکەیان و بۆندێکیان پێشکەش کرد، لیبرۆن رەزامەندی لەسەر بۆندەکە دەربڕی و پەیوەندی کرد بە ریزەکانی یانەی کلیڤلاند.

لە سەرەتاوە لیبرۆن بە بەهێزی دەرکەوت و توانی جێی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە بکاتەوە، ئەو وەرزەش یانەی کلیڤلاند لە پلەی هەشتەمی جەمسەری رۆژهەڵات کۆتایی بە وەرزەکە هێنا، بەڵام لیبرۆن توانی لەو وەرزە ببێت بە باشترین یاریزانی لاو، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانە تازە بانگێشتکراوی بەدەستهێنا، کە بۆ یەکەمجار بوو یاریزانێکی کلیڤلاند ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت.

لیبرۆن لە وەرزی 2003-2004 بە رێژەی 20 خاڵ لە یارییەکدا کۆتایی بە وەرزەکە هێنا، ئەو ریکۆردەش، پێشتر هیچ یاریزانێک ئەنجامی نەدابوو و تاوەکو  ئێستاش کەس نەیتوانیوە ئەو ریکۆردە بشکێنێت، ئەوەش وایکرد هەر لە سەرەتای کاروانی وەرزشییەوە، ناوی لە پاڵ ناوی مایکڵ جۆردان و ئۆسکار رۆبێرتسۆن بهێنرێت.

لیبرۆن، چەند جارێک نزیکبوو لەوەی ناسناوی ئێن بی ئەی لەگەڵ کلیڤلاند بەدەستبهێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەوەی ئەو کارە ئەنجامبدات،  ئەو تاوەکو ساڵی 2010 لەگەڵ یانەی کلیڤلاند بەردەوام بوو، بەڵام چیدیکە نەیدەویست لەگەل یانەیەکدا بەردەوام بێت، کە توانای ئەوەی نەبێت ناسناوی ئێن بی ئەی بەدەستبهێنێت.

مەیامی هیت

لە ساڵی 2010، لیبرۆن بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ کلیڤلاند کاڤەلێرز نوێ نەکاتەوە و پەیوەندی بکات بە یانەی مەیامی هیتەوە، کە لەو سەردەمەدا یەکێک بوو لە باشترین یانەکانی ئێن بی ئەی.

هاندەرانی کلیڤلاند، لیبرۆنیان بە خائین ناودەبرد و دەیانگووت خیانەتی لە شاری خۆی کردووە، بەڵام ئەوە کاریگەری لەسەر ئاستی لیبرۆن نەبوو، لیبرۆن توانی بە رێژەی 26.7 خاڵ لە یارییەکدا کۆتایی بە وەرزەکە بهێنێت.

وەرزی دواتر، وەرزێکی مێژوویی بوو بۆ لیبرۆن، چونکە توانی بۆیەکەمجار لە مێژوویدا ناسناوی ئێن بی ئەی بەدەستبهێنێت و بە باشترین یاریزانی ئەو وەرزەش دەستنیشانکرا.

لە وەرزی 2012-2013، لیبرۆن جارێکی دیکە مێژووی نووسییەوە و توانی بۆ دووەمجار لەسەریەک، ناسناوی ئێن بی ئەی و باشترین یاریزانی خولەکە بەدەستبهێنێتەوە.

گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆی

لە ساڵی 2014، لیبرۆن گرێبەستی لەگەڵ مەیامی هیت کۆتاییهات و یاریزانەکە رایگەیاند کە دەگەڕێتەوە بۆ یانەی کلیڤلاند،  لیبرۆنکارێکی تەواو نەکراوی لەو یانەیەدا مابوو، کە هەستی دەکرد پێوستە ئەنجامیبدات ، ئەویش بردنەوەی ناسناوی ئێن بی ئەیە، کە یانەکە هەرگیز ئەو کارەی ئەنجامنەداوە.

جەیمس، لە دوای گەڕانەوەی بۆ یانە کۆنەکەی، دووچاری پێکانێکی سەخت بوو لە ئەژنۆیدا، ئەوەش وایکرد وەرزی یەکەم و دووەمی دوای گەڕانەوەی، زۆرینەی یارییەکانی ئەنجامنەدا.

لە ساڵی 2016، لیبرۆن جارێکی دیکە مێژووی نووسیەوە، ئەمجارەیان خەونی یانەی کلیڤلاندی کرد بە راستی و توانی ناسناوی ئێن بی ئەی بەدەستبهێنێت و جارێکی دیکەش بووەوە بە باشترین یاریزانی خولەکە.

لۆس ئانجلێس لەیکەرز

لیبرۆن بەوەشەوە نەوەستا، دەیویست لەگەڵ یانەیەکی دیکە مێژوویەکی دیکە بنووسێتەوە، ئەمجارەیان روویکردە کالیفۆرنیا و لە ساڵی 2018 پەیوەندی کرد بە یانەی لۆس ئانجلێس لەیکەرز.

لیبرۆن توانی لەگەڵ لەیکەرزیش مێژوو بنووسێتەوە و لە ساڵی 2020، جارێکی دیکە ناسناوی ئێن بی ئەیی بەدەستهێنایەوە، لیبرۆن تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە یاریکردن بۆ یانەی لەیکەرز و ئێستاش بە ئاستێکی بەرز دەردەکەوێت.

ریکۆردە ترسناکەکانی لیبرۆن

لیبرۆن، خاوەنی یەکێک لە سەرنجراکێشترین کاروانە وەرزشییەکانی یاری باسکەیە، چوار ناسناوی ئێن بی ئەی، چوارجار باشترین یاریزانی یاری کۆتایی ئێن بی ئەی، چوارجار باشترین یاریزانی وەرزی ئێن بی ئەی، 13 جار لە پێکهاتەی ساڵی ئێن بی ئەی.

هەموو ئەمانە و زۆری دیکە، لیبرۆن خاوەنی زۆرترین خاڵە لە میژووی ئێن بی ئەی، پاشا، خاوەنی 47000 خاڵە، هاوکات خاوەنی زیاتر لە 10 هەزار ئاسیست و 11 هەزار ریباوندە، کە هیچ یاریزانێک نییە لە مێژووی یاری باسکەدا، خاوەنی ئەو ریکۆرد و ژمارانە بێت.

گرێبەستی نایکی و مووچەی ساڵانە

لە ساڵی 2003، کاتێک لیبرۆن یەکەم وەرزی لە ئین بی ئەی بەرێدەکرد، لەگەڵ کۆمپانیای نایکی گرێبەستێکی واژۆکرد بە بڕی  90 ملیۆن دۆلار ساڵانە، دواتریش بوو بە یەک ملیار دۆلار ساڵانە.

لیبرۆن، لە ساڵی 2016، داوایکرد مووچەکەی بەرزبکرێتەوە، ئەو ساڵە توانی 31 ملیۆن دۆلار پەیدابکات، لە ساڵی 2018، لیبرۆین گرێبەستێکی چوار وەرزیی لەگەڵ لەیکەرز بە بڕی 153 ملیۆن دۆلار واژۆکرد و بەوەش بوو بە دەوڵەمەندترین یاریزانی مێژووی ئێن بی ئەی.

لیبرۆن جەیمس، بەبێ یاری تۆپی باسکە لە کوێ دەبوو، یاریزانەکە خۆی دەڵێت: ''تۆپی باسکە هەموو ژیانمە''، بەڵام ئەگەر بریاری بدایە تواناکانی لەم وەرزشەدا تاقی نەکردایەتەوە، ئێستا لیبرۆن خاوەنی ئەم هەموو سەروەت سامانە دەبوو؟ چونکە پاشای باسکە لە چاوپێکەوتنێکدا گووتی: ''ئەگەر یاری باسکەم نەکردایە، ئەوا دەبووم بە مافیا و چەتە'' گوتیشی: ''دەمزانی کە رێگەکەم ئاسان نابێت، نەم دەویست ئاسان بێت''.

لیبرۆن، تەمەنی گەیشتووەتە 39 ساڵ و نزیک بووەتەوە لە 40 ساڵ، سەرباری زۆری تەمەنی، ئەستێرەکە هێشتا وەرز بە وەرز نمایشەکانی ئەنجامدەدات و وەرز بە وەرز ریکۆردی نوێ دەشکێنێت.

لیبرۆن، هاندەرانی باسکەی کرد بە دوو جەمسەرەوە، ئەوانەی ئارەزووی یاریکردنی لیبرۆن، یاخود هاندەری لیبرۆن بوون، دەڵێن لیبرۆن باشترینی مێژووە، ئەوانەشی نایانەوێت دان بە لیبرۆندا بنێن، دەڵێن نەخێر! هەر مایکڵ جۆردان باشترینی مێژووە، کێبڕکێی نێوان لیبرۆن و جۆردان لەیەک سەردەمدا نەبووە، بەڵکو هاندەران بە ئارگومێنت و بەراورد، رکابەرییەکی سەختیان لەنێوان ئەو دوو ئەستێرەیە درووست کردووە.