چیرۆکی ژیانی ئێدوارد کاماڤینگا، لە کۆمەڵگەی پەنابەرەکانەوە تاوەکو بوون بەئەستێرەیەکی جیهانی

ئێدواردۆ کاماڤینگای فەرەنسی. فۆتۆ: AP

یەکێک لەسەرنجڕاکێشترین چیرۆکەکانی هاندان و سەرکەوتنی ئەستێرەکانی تۆپی پێ تایبەتە بە ئێدواردۆ کاماڤینگا، کە لە 10ی مانگی نۆڤێمبەری 2002 لە ناوچەی میکۆنگای وڵاتی ئەنگۆلا لەدایکبووە.

ئەستێرە فەرەنسییەکە یەکێکە لەپێنج منداڵەکەی خێزانەکەی، کاماڤینگا لەشێوە و رووخساردا چووەتەوە سەر سۆفیای دایکی، باوکیشی ناوی سێلێستینۆیە.

بنەچەی خێزانی ئیدواردۆ کاماڤینگا:

دایبابی ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و ریال مەدریدی ئیسپانی، هاوڵاتییەکی وڵاتی کۆماری کۆنگۆ بوون، لە ئەنگۆلاوە کۆچییان کرد بۆ وڵاتی فەرەنسا، لەوکاتەدا کاماڤینگا تەمەنی تەنیا دوو ساڵ بوو.

ئێدواردۆ بەهۆی بنەچەی دایبابی و بەسەربردنی ژیانی لەدەرەوە، خاوەنی هاوڵاتینامەی وڵاتەکانی فەرەنسا و ئەنگۆلا و کۆنگۆیە.

تەمەنی منداڵی:

کاتێک گەیشتنە فەرەنسا، خێزانەکەی کاماڤینگا سەرەتا ماڵیان لە لیل بوو، پێش ئەوەی بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی فۆوگیرێس تایبەت بە کۆچبەرەکان، کە تەنیا 40کم لە رینسەوە دووربوو.

کاما، لەو شوێنەدا هاوشانی دوو خوشک و دوو براکەی گەورەبوو، ئەستێرە لاوەکە لەسەرەتادا هیچ خواستێکی بۆ تۆپی پێ نەبوو، بەپێچەوانەوە ئارەزووی دەکرد راهێنانی یاری جۆدۆ بکات تاوەکو دایکی ئاگاداری کردەوە بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر تۆپی پێ بێت، چونکە لەکاتی راهێنانی هونەرە جەنگییەکان چەندین شتی نێو ماڵەکەی دەشکاند.

پێویستە ئەوە روونبکەینەوە کاماڤینگا لەتەمەنی منداڵیدا رووبەڕووی کێشە و نەبوونییەکی زۆر نەبووەتەوە، خێزانەکەی لەنێوان ئاستی خوار و ناوەڕاستی هاوڵاتیانی فەرەنسا بوون.

چیرۆکی کاماڤینگا لەگەڵ تۆپی پێ:

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات کاماڤینگا گەیشتە حەوت ساڵی تەمەنی، دایکی لە یانەیەکی نێوخۆی ناوی تۆمارکرد بەناوی دراپیاو دی فۆوگیرێس، لەو یانەیەدا هەنگاوەکانی سەرەتای یارییکردنی دەستپێکرد.

سەرەتای کاروانی وەرزشی:

کاتێک لە فۆوگیرێس بوو، ئێدواردۆ چوار ساڵی لە بونیادنانی داینامیکی شێوازی بەرگریکردن بەسەربرد، کە ئێستا لەشێوازی یارییکردنیدا دەردەکەوێت.

تواناکانی لەکۆنتڕۆڵکردنی تۆپ و شێوازێکی ناوازە لە پچڕاندنی تۆپەکان وایکرد کاماڤینگا لەلایەن هاوڕێکانی و رکابەرەکانیشیەوە ستایشێکی زۆر بکرێت.

کاماڤینگا، لەتەمەنی 11 ساڵی، لەلایەن خێزانەکەیەوە بڕیاردرا تاقیکردنەوەی ئەکادیمیای تۆپی پێی یانەی رینس بکات، کە سەرکەوتووانە تاقیکردنەوەکەی تێپەڕاند و بووە خاڵی وەچەرخان لەکاروانی وەرزشیدا.

چیرۆکی رێگەی سەرکەوتن:

لەوکاتەی دایباب و خوشک و براکانی ئاهەنگی سەرکەوتنی کاماڤینگایان دەگێڕا، کێشەیەک بەسەر خێزانەکەدا هات، کە لە ساڵی 2013 خانووەکەیان سووتا و رووبەڕووی ناڕەحەتیەکی زۆر بوونەوە تاوەکو سەرلەنوێ خانووەکە بونیادبنێنەوە، لەبەرئەوە باوکی لەو بارودۆخەدا بە کاماڤینگای 11 ساڵانی گووت:

تۆ هیوای خێزانەکەی، ئەوە تۆیت سەرلەنوێ ژیان بۆ خێزانەکە دەگەڕێنیتەوە

چیرۆکی گەورەبوون تاوەکو بەناوبانگبوون:

لە دێسێمبەری 2018، ئەستێرە فەرەنسییەکە یەکەم گرێبەستی پیشەگەری لەگەڵ یانەی رێنس واژۆکرد.

لە تەمەنی 16 ساڵ و چوار مانگ و 27 رۆژ، کاماڤینگا بووە لاوترین یاریزان یاری بۆ تیپی یەکەمی یانەی رێنس بکات، ئێدواردۆ توانی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆماربکات و بووە لاوترین یاریزان بەربەستی 50 یاری لە لیگ وەن تێپەڕێنێت، لەتەمەنی 17 ساڵ و 341 رۆژدا.

باوکی کاماڤینگا:

ناوی سێلێستینۆیە و لەتەواوی تەمەنی منداڵی کاماڤینگادا لە کوشتارگەری بەراز کاریدەکرد، زۆرجار بەهۆی زۆری کاتی کارەکەیەوە لە ماڵەوە نەدەخەوت و بەوجۆرە بژێوی ژیانی پەیدادەکرد.

دایکی کاماڤینگا:

سۆفیای دایکی، ژنی ماڵەوە بوو، ئەو خانمەیە توانی بیرکردنەوە و سەرنجی کاماڤینگا لە راهێنانی هونەرە جەنگییەکانەوە بگۆڕێت بۆ تۆپی پێ و بیکاتە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئێستای جیهان، بەوهۆیەوەشەوە بەرهەمی ماندووبونەکەیان دەدورنەوە.

خوشک و براکانی ئێدواردۆ:

سەرەڕای ئەوەی دوو خوشک و دوو برای هەیە، بەڵام ئەوەی ناسراوە و دیارە تەنیا دوو براکەیەتی، ئەوانیش سیباستیۆی براگەورەیەتی لەگەڵ سێلیۆی برا بچووکی.

هاوشێوەی کاماڤینگا، سیباستیۆش ئارەزوویەکی زۆری بۆ یاری جۆدۆ هەبوو، بەڵام روویکردە یاری تۆپی پێ و زۆرجار لەگەڵ باوکیدا یارییدەکرد، سەرەڕای ئەوەش نەیتوانی ببێتە یاریزانێکی پیشەگەر و لەخولە گەورەکانی ئەوروپا یارییبکات.