/

پاشەڕۆی مانگا دەبێتە سەرچاوەی وزە

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ژاپۆن، رێگایەکی نوێ بۆ کارپێکردنی بزوێنەری موشەکە ئاسمانییەکانی تاقیدەکاتەوە.

لەنوێترین تاقیکردنەوەدا ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ژاپۆن، توانیی بە پشتبەستن بە پاشەڕۆی مانگا، سوتەمەنی کارکردنی موشەکە ئاسمانییەکە کارپێبکات و بۆ ماوەی 10 چرکە بڵێسەی شین و پرتەقاڵی کڵپەداری دروستکرد.

پاش کۆکردنەوەی پاشەڕۆکان لە دوو کێڵەگەی شیرەمەنی ناوخۆی ژاپۆن، کۆمپانیای ئایر واتەری بەرهەمهێنەری غازی پیشەسازیی ژاپۆنی، دەیانگۆڕێت بۆ بۆشلەی"بایۆمیثەین" کە دەبێتە سەرچاوەی سوتەمەنی بۆ مووشەکە ئاسمانییەکە.

تۆمۆهیرۆ نیشیکاوا، ئەندازیار لە کۆمپانیای ئایر واتەر بۆ غازی پیشەسازی گوتی: "لەراستیدا ئێمە بایۆمیثەینێکی پاکی ئاست بەرز بەرهەمدەهێنین، کە دەتوانرێت وەک سوتەمەنی  مووشەک بەکاربهێنرێت."

سەرچاوەی دروستکردنی ئەم وزەیە، پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستێت، بەمەش کاریگەریی پیسبونی ژینگە لە گوستنەوە و هاوردەکردنی ماددە خاوەکان کەمدەکاتەوە.

تاکاهیرۆ ئیناگاوا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئینتەرستێلار تەکنەلۆجی، رایگەیاند "ئێمە سوتەمەنی  خۆمان لە شوێنە دوورەکانەوە ناهێنین، بەڵکو لە شوێنە نزیکەکانى خۆمانەوە دەیهێنین. لەم ڕووەوە، ئێمە سووڕێکی وزە و کەرەستە بەدەستدەهێنین، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە."

بیرۆکەی بەکارهێنانەوەی پاشەڕۆی مانگا، وەک سەرچاوەى سوتەمەنیی مووشەک، لەلایەن جوتیارانی کێڵگەکانیشەوە کارێکی مەحاڵ نەبوو.

ئیجی میزوشیتا، جووتیاری کێڵگە، سەبارەت بە تاقیکردنەوەکە گوتی: "هەر لە سەرەتاوە پێیانگوتم، دەتوانرێت پاشەڕۆى مانگا، وەک سوتەمەنی مووشەک بەکاربهێنرێت، بۆیە گوتم: ئایا دەکرێت لە داهاتوودا شتێکی لەو جۆرە رووبدات؟ ئەوان گوتیان: 'ئەوە بە تەواویی دەکرێت'. بۆیە من زۆر دڵخۆشم بیر لەوە دەکەمەوە، دەتوانرێت پاشماوەی مانگاکانمان بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی موشەکێک بفڕێت".

پێدەچێت لە داهاتوودا پاشەڕۆى مانگا، شوێنى بەشێک لە وزەکان لە جیهاندا بگرێتەوە و بتوانرێت وەکو وزەیەکى سەرەکیی لە بەکارهێنانى بەشێک لە ئامێرە تەکنەلۆجییەکانى دیکە بەکاربهێنرێت.